رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق 6 ئەندامی خێزانێک کوژران. پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: گەنجێک بە ناوی (بەشیر سالار محەممەد)، دەستڕێژی گوللـەی لە ئەندامانی خێزانەکەی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە کە پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رۆژی 20ـی ئاداری 2025 بڵاوکردووەتەوە: "رووداوەکە کاژێر 11:10 خولەکی شەو روویداوە."
پۆلیس دەڵێت، دوای ئاگادارکردنەوەیان هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان "بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە."
پۆلیسی سلێمانی باس لەوە دەکات: "بەشیر سالار محەممەد لەدایکبووی 1998ـە بە چەکی کڵاشینکۆڤ دەستڕێژی گوللـەی لە دایک و باوک و دوو خوشک و برایەکی کردووە و دواتر خۆیشی کوشتووە."
"تیمەکانی بەڵگەی تاوان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە و هێڵکارییان بۆ شوێنەکە ئەنجامداوە، هەروەها سەرجەم بەڵگەکان کۆکراونەتەوە و دەستبەسەر چەکەکەدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە. تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادوەری کراون." بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی.
بە بڕیاری دادوەر "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری رووداوەکە."
ناوی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە:
سالار محەممەد عهبدولكهریم؛ لهدایكبووی 1970
نیهاد قادر ساڵح؛ لهدایكبووی 1975
سیما سالار محەممەد؛ لهدایكبووی 2005
سهههند سالار محەممەد؛ لهدایكبووی 2015
یارا سالار محەممەد؛ لهدایكبووی 2018
بهشیر سالار محەممەد؛ لهدایكبووی 1998 (بكوژ)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ