لە سێ‌ ناوچەی سلێمانی سەروو 1000 ملیمەتر باران باریوە

رووداو دیجیتاڵ

لە سێ ناوچەی سنووری پارێزگای سلێمانی بڕی بارانبارینی ئەم ساڵ هەزار ملیمەتری تێپەڕاندووە؛ بەپێی کەشناسیی سلێمانی، لە 24 کاژێری رابردووشدا زۆرترین باران لە قەرەداخ باریوە.
 
لە ماوەی 24 كاژێری رابردوودا، لە سلێمانی 27.9 ملیمەتر باریوە ‌و بەوەش كۆی گشتیی باران بارین لە ئەم ساڵدا لە سلێمانی گەیشتە ‏‏515.2 ملیمەتر، لە كاتێكدا پار لە هەمان كاتدا 523.3 ملیمەتر باران باریبوو.
 
كارزان لەتیف، لێپرسراوی كەشناسیی كشتوكاڵیی سلێمانی بە تۆڕی ‏‏‏میدیایی ‏رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 24 كاژێری رابردوودا زۆرترین باران ‏لە قەزای قەرەداخ باریوە، كە 70 ملیمەتر بووە، لەدوای ئەویش ‏ناحیەی تەوێڵە دێت كە 54.8 ملیمەتر بارانی لێ باریوە.‏
 
‏لەبارەی زۆرترین بارینی ئەم ساڵیش، لێپرسراوی كەشناسیی ‏كشتوكاڵیی سلێمانی گوتی، "لە سێ‌ ناوچە زۆرترین باران باریوە؛ لە ‏ناحیەی بەرزنجە، ئەم ساڵ 1141 ملیمەتر باریوە، پار 946.8 ملیمەتر ‏بووە، لە قەزای پێنجوێنیش 1096.5 ملیمەتر باریوە، پار ‏‏748.1 ملیمەتر بووە، لە قەزای چوارتاش 1003.5 ملیمەتر باران باریوە، ‏بەڵام پار 832 ملیمەتر باران باریبوو."
 
كارزان لەتیف ئەوەشی روونكردەوە، كەمترین باران ئەم ساڵ لە خانەقین ‏باریوە، كە 199.8 ملیمەتر بووە، لە كاتێكدا پار تاوەكو ‏ئەم کاتە 195.8 ملیمەتر باران باریبوو.