رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەوەی لە دوو شوێنی رێگەی نێوان پارێزگاکانی وان و سێرت رنووی بەفر روویدا، رێگەکە بەڕووی هاتووچۆدا داخرا.
رێگەی نێوان شارۆچکەی شاخ لە پارێزگای وان و شارۆچکەی پەرواری لە پارێزگای سێرت کە هەردوو پارێزگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی رنووی بەفرەوە هاتووچۆ تێیدا پەکی کەوت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 20-03-2024 لە دوو شوێنی ئەو رێگەیە رنووی بەفر روویدا؛ بەتایبەتی شارۆچکەی شاخی سەر بە وان، بە تەواوەتی لەگەڵ دەرەوە پەیوەندیی پچڕا، ئەمەش هاونیشتمانییان تووشی گرفت کرد.
بەدەر لە وەستانی هاتووچۆ، رنووی بەفر زیانی بە ژمارەیەک سیستمی کارەباش گەیاند و بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەو ناوچەیە کارەبایان لەسەر پچڕا.
عەبدولڕەحمان شەیلان، سەرۆکی شارەوانیی شاخ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، لەکاتی گەڕانەوەی لە سەردانی یەکێک لە گوندەکان، بەهۆی رنووی بەفرەوە ناچار بووە ئۆتۆمبێلەکەی جێبهێڵێت و بە پێ بگەڕێتەوە.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەفری زۆر لە سنووری پارێزگای وان باریوە و بەشێک لەو بەفرە، لە کەنار رێگەکاندا کەڵەکە بووە و مەترسیی رنووی لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ