لە کوردستان ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز سازکران؛ لە ئاکرێ 'گەورەترین' کەرنەڤاڵ بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی کوردی، ئاهەنگ و چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو، سبەینێش گەورەترین کەرنەڤاڵی نەورۆز لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-03-2024، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی مانگی خاکەلێوەی ساڵی 2724ـی کوردی، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە، ئاهەنگی خۆشیی سەری ساڵ و چالاکیی کولتووریی جیاواز بەڕێوەچوون.
 
لە ئاکرێ 2724 مەشخەڵ هەڵکران
 
لە قەزای ئاکرێی پارێزگای دهۆک، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسانی حیزبی، حکومی و کۆنسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ئاگری نەورۆز کرایەوە و کەرنەڤاڵێکی تایبەت بەڕێوەچوو.
 
هاونیشتمانییان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە بەشدارییان لە کەرنەڤاڵەکەدا کرد.
 
سەرەتا لەلایەن هەشت گرووپی جیاواز کە پێکهاتبوون لە گەنجانی نیشتمان، بە 2724 مەشخەڵ، چیای کەلا ئاکرێ رازێندرایەوە و دواتر بە یاریی ئاگرین دیمەنەکە سەرنجڕاکێشتر کرا.
سەرەڕای لێزمەباران، هەزاران کەس بەشداریی ئاهەنگەکەیان کرد و تێیدا یەکێک لە گەورەترین کەرنەڤاڵەکانی نەورۆز بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە کاژێر 18:50ـی ئێوارە دوای بەربانگ دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 20:30 بەردەوام بوو.
 
لە فێستیڤاڵی نەورۆزی ئەم ساڵدا لە ئاکرێ، ئاڵایەکی کوردستان بە درێژیی 100 مەتر بردرایە سەر چیای ئاکرێ.
 
بەپێی ئاماری گەشتوگوزاریی ئاکرێ، بۆ نەورۆزی ئەمساڵ 75 هەزار گەشتیار سەردانی ئاکرێیان کردبوو.
 
لە قەڵای هەولێر نەرورۆز پیرۆزکرا
 
پێشووتر لە هەولێر بەر لە نەورۆز بۆ ماوەی 10 رۆژ فێستیڤاڵێک بە چالاکیی جۆراوجۆرەوە بەڕێوەدەچوو و دواتر لە یەکەم رۆژی نەورۆزدا بە کردنەوەی ئاگر کۆتایی بە فێستیڤاڵەکە دەهێنرا، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی هاوکاتبوونی نەورۆز لەگەڵ مانگی رەمەزان چالاکییەکان بەڕێوەنەچوون، بەڵام لەسەر قەڵای مێژوویی هەولێر، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاگری نەورۆز کرایەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە هانیشتمانییان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە لە ئاهەنگی نەورۆزی هەولێردا بەشدار بوون، بە مەشخەڵی ئاگر قەڵای هەولێریان رووناک کردەوە.
 
هاوکات تۆڕی میدیایی رووداویش لە هەولێر بەبۆنەی هاتنی نەورۆزی 2724ـی کوردی، کۆنسێرتێکی بۆ هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان رێکخست، کە هونەرمەندانی دیاری وەکو ناسر رەزازی و شڤان پەروەر و کەویار هەورامی تێیدا بەشدار بوون.
 

سلێمانی
 
لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی، سەرەڕای کەشوهەوایەکی سارد و بارانبارین، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی ئەو شارە هاتنە سەر شەقامەکە و بە هەڵپەڕکێ بەشداریی ئاهەنگی سەری ساڵیان بکەن.
 
بە گوتەی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بوون.
 
هاونیشتمانییەک کە لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداری ئاهەنگی سەری ساڵی کوردی لە سلێمانی کردووە، بە رووداوی گوت، ''هیوادارم گەلی کورد لەم ساڵەدا بتوانیت پێکەوەبوون و یەکگرتنێکی زۆر جوانی هەبێت، هەموومان یەکڕیز و یەکدەنگ بین، چونکە بردنەوە لە یەکدەنگیدایە.''  
 
نەورۆزی کەرکووک حیزبەکانی کۆکردەوە
 
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر قەڵای کەرکووک بە بەشداریی پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی دیکە و نوێنەری پێکهاتەکان ئاگری نەورۆز کرایەوە.
 
لەم پارێزگایە تەنیا ئاگری نەورۆز کرایەوە و هیچ ئاهنگێکی دیکە بەڕێوەنەچوو.
 
عەلی قەڵایی، سەرپەرشتیاری بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک - سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاوئاهەنگی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان کرا، هەمووان پێکەوە بن، وەکو چۆن پێکەوە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کرایەوە لە 16-03-2024.
 
گەرمیان
 
بە گوتەی هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لەسەر قەڵای شێروانەی قەزای کەلاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تەنیا ئاگری نەورۆز کرایەوە و هیچ ئاهەنگێک نەکرا.
 
پێشووتر قایمقامی قەزای کەلار رایگەیاندبوو، کە بەهۆی مانگی رەمەزانەوە ئاهەنگ ناکرێت و تەنیا ئاگر دەکرێتەوە، بەڵام هەر کەسێک پێی خۆشە بەشدار بێت، دەتوانێت بچێتە سەر قەڵای شێروانە. بەشێک لە هاونیشتمانییان چوونە سەر قەڵاکە و بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆزدا کرد.
 
هاوکات لە قەزای کفریش لەسەر بەنداوی باوە شاسوار، لە دەربەندیخان لە چیای بەرانان و لە خانەقینیش لەدوای نوێژی ئێوارە ئاگرکرایەوە.
 
سۆران
 
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان رێوڕەسمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز بەڕێوەچوو.
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران گوتی، بەهۆی بارانبارینەوە، کردنەوەی ئاگری نەورۆز کاژێرێک لەو وادەیەی کە بۆی دیاریکرابوو پێشخرا. 
 
زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەشداری رێوڕەسمەکە بوون، بەرپرسانی ئیداری بوون، لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک لە هاونیشتمانییانی دیکە ئەمڕۆ بەشداریی هەڵکردنی ئاگری نەورۆزیان کرد.
 
هاونیشتمانییەکی بەشدار لە رێوڕەسمەکە بە رووداوی گوت، ''ئەمە یەکەم جارە ببینم نەورۆز لە مانگی رەمەزاندا بێت، پەیامی منیش بۆ خەڵک ئەوەیە کە خەڵک ئاگاداری ژینگەی خۆی بێت و ئاگرێک نەکاتەوە کە دووکەڵی زۆری هەبێت.'' 
 
هەڵەبجە
 
هەرچەندە لە پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستانیش کەشوهەوا باراناوی بوو، بەڵام بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان، ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو و ئاگر کرایەوە.
 
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی هاوکاتبوونی مانگی رەمەزان و نەورۆزەوە، گەشتیارێکی کەم روویان لە هەڵەبجە کردووە، ''چاوەڕێ دەکەین بۆ جەژنی رەمەزانی پیرۆز، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکانمان بکەن و لە هەفتەی داهاتووشەوە ئامادەکارییەکانمان دەست پێدەکەین.''
 

ئامەد خۆی بۆ گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز ئامادە دەکات
 
چەند رۆژە لە زۆربەی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باکووری کوردستان، ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاگری نەورۆز لە شارەکانی (وان، باتمان، بەدلیس، جۆلەمێرگ، ئیدر، مێردین، سیرت، چەولیگ، شرنەخ، ئایدن، چەنەقەلە، قۆنیا، مانیسا و مێرسین) کرایەوە. بەیانیش ئاهەنگی گەورەی نەورۆز لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.
 
نەورۆزی ئەم ساڵ هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، کە بڕیارە لە 31ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، ئەمەش ئاهەنگەکانی نەورۆزی زیاتر بە جۆش وخرۆش کردووە. 
 
بەپێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی باکووری کوردستان، لەئامەد رۆژی 21ـی ئادار ئاهەنگی نەورۆز دەکرێت. کە بە گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لە باکووری کوردستان و تورکیا دادەنرێت و ئێستا ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە. 
 
گڕوتینی بەشداریکردنی هاونیشتمانییان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە شاروشارۆچکە جیاجیاکانی باکووری کوردستان، لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا لە 15 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا 139 کەسیان لەسەر ئاهەنگەکانی نەورۆز دەستگیرکردووە.
 
نەورۆزی رۆژهەڵاتی کوردستان
 
لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند رۆژە ئاگری نەورۆز لەلایەن هاونیشتمانییان بەتایبەتی کەسوکاری ''شەهیدان''ـی ناڕەزایەتییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەکرێتەوە.
 
لە ماکۆ و کوتوڵ، پیرانشار، مهاباد، نەغەدە، سەردەشت و شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، هەروەها لە بانە، سنە، مەریوان، جوانڕۆ، سەقز و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی پاریزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەرسین و شابادی سەر بە پاریزگای کرماشان و ئیوانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند ناوچەیەکی لوڕستان ئاهەنگی سەری ساڵ بەڕێوەچوو.
 
لە پارێزگای ورمێ، جگە لە ناوەندنی شارەکان، لە زۆربەی گوندەکانی وەکو حاجی غەڵدە، ماسوێ و قەرەقەسابی سەر بە شاری نەغەدە، گوندەکانی ناوچەی شاروێران، کولیجە، قۆزڵووی بچووک، گاگەش و لاچینی سەر بە مهاباد، گوندەکانی شیناوا، بادیناوا، کەڵەکین و بەری مەنگوڕایەتیی پیرانشار، گوندی حەسەن ‌نوورانی سەر بە شاری شنۆ، گوندی جمگە و سیسێری سەردەشت و گوندی ئاغجێوان و عەسکەرئاوای بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری ورمێش ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو.
 
هەروەها لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە ناوەندی شارەکان، ئاهەنگی نەورۆز لە گوندی گەورەقەڵا و تۆرقامیشی سەقز، گوندی سووتووی بانە، گوندی یاپەڵ و باشڵاخی دیواندەڕە و کانی کەوی کامیاران بەڕێوەچوو.
 
لە ئاهەنگێکی نەورۆز و سەری ساڵی سەقزی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا کە رۆژی هەینی 15-03-2024 لە چیای جاقل بەڕێوەچوو، ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی بەشداری لە هەڵکردنی ئاگری نەورۆزدا کرد و چوار مەشخەڵی داگیرساند.
 
بە گوتەی هاونیشتمانییان، لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گرفت بۆ ئاهەنگی سەری ساڵی کوردی دروستکرا، هەر ئەمڕۆ لە گەڕەکی فەیزاوای شاری سنە لە نێوان هانیشتمانییان و هێزە ئەمنییەکانی شارەکە گرژی دروستبوو و کۆتایی بە ئاهەنگەکە هێنرا.
 
ئەم ساڵ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لە چەندین ناوچەی پارێزگای کرماشان، ئیلام و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو و ئاگر کرایەوە. لەوانەش شاری شابادی سەر بە پارێزگای کرماشان، گوندی خوڵەکوشی سەر بە شارەکە، هەرسین، سەرپێڵی زەهاو و هەروەها شاری ئیوانی پارێزگای ئیلام.
 
رۆژئاوای کوردستان
 
لە جندرێسی رۆژئاوای کوردستان، کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی کە شەوی نەورۆزی ساڵی رابردوو، لەلایەن گروپێکی چەکداری سەر بە تورکیا هێرشیان کرایەسەر و کوژران، رێوڕەسمێکیان بەبۆنەی ساڵرۆژی ''شەهیدبوون''ـان بەڕێوەبرد. 
 
رۆژی دووشەممە، 20-03-2023، گرووپی ئەحرار شەرقییە کە سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نزیکن لە تورکیا، لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا تەقەیان لە هاونیشتمانییانی کورد کرد و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش برینداربوون. ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکەدا گیانیان لەدەستدا، چوار کەسی یەک خێزان بوون بە ناوەکانی (فەرحەدین عوسمان تەمەن 43 ساڵ، محەممەد عوسمان 42 ساڵ، نەزمی عوسمان 38 ساڵ و محەممەد فەرحەدین عوسمان، 18 ساڵ). 
 
دانیشتووانی گوندی باسووتای سەر بە عەفرین بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و گوتنەوەی دروشمی (بژی کوردستان) بە مەشخەڵی ئاگر بەرەو بەرزاییەکانی گوند بەڕێکەوتن و جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.