رووداو دیجیتاڵ
دوایین ئامار لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی دهۆک لەلایەن ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-03-2024، ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستان لەبارەی زیانی لافاوەکەی دهۆک ئامارێکی راگەیاند، تێیدا هاتووە، "لە لافاوەکەی پارێزگای دهۆک، سێ کەس گیانیانلەدەستدا، 11 کەس برینداربوون و 120 کەسیش لە لافاوەکە رزگار کران."
بەپێی ئامارەکە، کە ئاماری 36 کاژێری رابردووە، "627 کەس لە هۆتێل و مۆتێلەکان نیشتەجێکراون و 160 خانووش زیانیان پێگەیشتووە. هاوکات 50 ئۆتۆمبێل لە دهۆک زیانیان بەرکەوتووە."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە ئەنجامی بەردەوامبوونى کاریگەریی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و ناوەڕاست لەسەر هەرێمى کوردستان، پێشبینى دەکرێت ئەمشەو بارین بەشێوەى نمەباران و مامناوەند بێت؛ کە هەندێک جار هەورەتریشقەشی لەگەڵە، هەروەها بەفریش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت."
پێشبینى دەکرێت بارانبارین لە 9:00ی شەو تاوەکو 9:00ى بەیانى بەمشێوەیە بێت:
هەولێر: 9 - 15 ملیمەتر
سلێمانی: 8 - 12 ملیمەتر
دهۆک: 10 - 16 ملیمەتر
هەڵەبجە: 10 - 15 ملیمەتر
راپەرین: 12 - 16 ملیمەتر
گەرمیان: 7 - 12 ملیمەتر
زاخۆ: 10 - 15 ملیمەتر
سۆران: 8 - 12 ملیمەتر
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشوهەوا بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ئەگەری تاوە باران و برووسکە هەیە، سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و باران کەم دەبێتەوە. بەڵام رۆژانی هەینی، شەممە، یەکشەممە و دووشەممە ئەگەری بارینی بارانێکی باش هەیە. هاوکات پێشبینی دەکرێت بەفریش ببارێت، پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە دادەبەزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ