باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بۆ رووداو: نەورۆز لە مێژووی ئێمە کۆنترە


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە رێگەی رووداوەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد کرد و گوتی: "کردنەوەی ئاگر لەسەر چیاکان، کە هێمای سەرکەوتن بوو بەسەر نادادپەروەریدا، هەروەها هێمای خۆڕاگریی خەڵکی کورد بوو، ئەوانە ئەو تایبەتمەندییانەن کە من لە کوردانی ئەمڕۆشدا دەیانبینم".
 
ستێفن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو جەژنی نەورۆزی لە کورد پیرۆز کرد و گوتی: "هەستێکی زۆر خۆشە کە لە سەرەتای بەهارەوە لێرەم لە هەولێر. ئومێدم وایە کاتێک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی بچمە چیاکان و گوڵەکان ببینم. دەستپێکی بەهار، کاتێکی هیوابەخشە".
 
باڵیۆزی بەریتانیا باسی لە شێوازی یادکردنەوەی نەورۆز کرد و گوتی: "کاتێکی زۆر باشە بۆ بیرکردنەوە لە داهاتوو و بیرکردنەوە لەوەی کە چۆن کورد لەگەڵ یەک کۆدەبنەوە و ئاهەنگ بە بۆنەی ئەم کاتە خۆشە و ئەم مێژووە دوور و درێژە دەگێڕن، کە نەورۆز زۆر لە مێژووی ئێمە کۆنترە."
 
نەورۆزی ئەمساڵ جگە لەوەی لە نێو مانگی رەمەزاندایە، هەروەها لەکاتێکیشدایە کە کەشوهەوا نالەبارە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا بارانبارین هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین رێورەسمی تایبەت بەو یادە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن.