باڵیۆزی رووسیا لە عێراق: نەورۆز رۆژی چاکە و شادی و یەکگرتن و رووناکییە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە کورد کرد و گوتی: "بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، جەژنی ئەفسانەیی بەهار و نوێبوونەوە لە دڵەوە پیرۆزباییێکی گەرمی نەورۆزتان لێدەکەم".
ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی جەژنی نەورۆز گوتی: "نەورۆز رۆژی چاکە و شادی و یەکگرتن و رووناکییە، هەر لەبەر ئەوەیە نەورۆز لە نێو ئەو رۆژە گرنگانەی کە لەلای گەلی کورد پیرۆزن، پێگەیەکی تایبەتی هەیە".
ئێلبروس لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: "نەورۆز، تێکۆشانە بەرامبەر ستەم و زۆرداری کە لەلایەن پاڵەوانی ئەفسانەیی کاوەی ئاسنگەر داهێنراوە، هەر ئەو هزرە بووە پشتگیرییان لە مێژووی تاریک و دژواری کوردستاندا، بووە هێمای نەتەوەیی کوردی نەبەرد و تێکۆشەر، بووە هێمای چارەسەری و خۆشەویستیی ژیان، هێمای تێکۆشانی گەلی کورد بۆ دەربازبوونی هەر جۆرە ئاستەنگیێک لە رێگەی ئازادی".
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لەبارەی مێژووی نەورۆز دەڵێت، نەورۆز نەریتێکی کۆنی باب و باپیرانە کە لە قووڵایی مێژووەوە سەرچاوەی گرتووە، نەورۆز نیشانەی هۆشیاری و سەر لە نوێ لە دایکبوونەوەیە، جەژنی سەرکەوتنی ژیانە بەسەر ستەم و نادادی.
نەورۆزی ئەمساڵ جگە لەوەی لە نێو مانگی رەمەزاندایە، هەروەها لەکاتێکیشدایە کە کەشوهەوا ناجێگیرە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا بارانبارین هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین رێورەسمی تایبەت بەو یادە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون.
دەقی گوتارەکەی ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق:
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، جەژنی ئەفسانەیی بەهار و نوێبوونەوە لە دڵەوە پیرۆزباییێکی گەرمی نەورۆزتان لێدەکەم. نەورۆز رۆژی چاکە و شادی و یەکگرتن و رووناکییە، هەر لەبەر ئەوەیە نەورۆز لە نێو ئەو رۆژە گرنگانەی کە لەلای گەلی کورد پیرۆزن، پێگەیەکی تایبەتی هەیە.
نەورۆز، تێکۆشانە بەرامبەر ستەم و زۆرداری کە لەلایەن پاڵەوانی ئەفسانەیی کاوەی ئاسنگەر داهێنراوە، هەر ئەو هزرە بووە پشتگیرییان لە مێژووی تاریک و دژواری کوردستاندا، بووە هێمای نەتەوەیی کوردی نەبەرد و تێکۆشەر، بووە هێمای چارەسەری و خۆشەویستی ژیان، هێمای تێکۆشانی گەلی کورد بۆ دەربازبوونی هەر جۆرە ئاستەنگیێک لە رێگەی ئازادی.
پێش هەموو شتیک، نەورۆز نەریتێکی کۆنی باب و باپیرانە کە لە قووڵایی مێژووەوە سەرچاوەی گرتووە، نەورۆز نیشانەی هۆشیاری و سەر لە نوێ لە دایکبوونەوەیە، جەژنی سەرکەوتنی ژیانە بەسەر ستەم و نادادی.
نەورۆز، سیمبوولی نیازپاکی و پلانی نوێ و چاکەیە. نەورۆز، گیانی هەموو مرۆڤێکی تێکۆشەر وەکوو خۆر گەرم و رووناک دەکاتەوە، ئیلهام و ئارەزووی بوون دەدات بە دڵمان.
رۆحی ئەم جەژنە، زۆر لە کۆمەڵگەی گەلی کوردی دەچێت، کە لە سەر بنەمای بەهاکانی وەک دۆستایەتی و یەکگرتن و یەکڕیزی دامەزراوە. لەم رۆژە رووناکەدا بە ناوی خۆم و باڵیۆزخانەی رووسیا، جەژنی نەورۆزی ئازیز لە گەلی کورد پیرۆز دەکەم. تەندروستیێکی باش و چاکە و هێز و بوێری بۆ گەلی کورد دەخوازم لە رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاستەنگەکان. هیوای ئاشتی و بەختەوەری و یەکڕیزیتان بۆ دەخوازم.
زۆر سوپاس