چیرۆکەکانی دوای لافاوەکەی دهۆک؛ ماڵی ژنە شەهیدێک بە بەرزیی مەترێک قوڕ و لیتەی تێچووە

رووداو دیجیتاڵ 

کەسوکاری محەممەد، بۆ هاوکاریکردنی هاتوونەتە ماڵەکەی، ئەو ماڵەی کەوتە بەر لافاوی رۆژی سێشەممەی دهۆک و تەنیا محەممەد لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی رزگاریان بوو و هیچیان بۆ دەرنەچوو.
 
محەممەد ئەحمەد، زیانلێکەوتووی لافاوی دهۆک بە رووداوی گوت "ئەو کارەساتە لەناکاو روویدا، ئەوە سێیەم ساڵە من لەگەڵ (ماڵی باوکم) نەماوم و هێدی هێدی خۆمان رێکخست، بەڵام هەموو ماڵەکەمان بەجارێک لەدەستچوو."
 
محەممەد کرێچییە، جگە لە ئەندامانی خێزانەکەی هیچی دیکەی بۆ دەرنەچووە.
 
یەکێکی دیکە لە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک، ژنە شەهیدێکی خاوەن پێنج منداڵە. ماڵەکەی نەسرین زیاتر لە مەترێک قوڕ و لیتەی لافاوی تێچووە، بۆیە نازانێت لە کوێوە دەست بە پاککردنەوە بکات.
 
نەسرین مستەفا، زیانلێکەوتووی لافاوەکە دەڵێ "پێنج منداڵم هەن و لە ساڵی 2006 هاوسەرەکەم شەهید بوو، هێشتا زەوییان پێ نەداوین، بۆیە تەنیا بە مووچە دەژین. ماڵەکەشمان وەک دەبینن چی بەسەرهاتووە، هیچمان نەما."
 
یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری دهۆک، زۆرترین زیانلێکەوتووی لافاوەکەی حەواندووەتەوە و خۆراک و پێداویستیی دیکەیان بۆ دابین دەکات. ئەو هۆتێلە یەکێکە لەو هەشت هۆتێلەی شارەکە کە پێشوازییان لە 700 زیانلێکەوتووی لافاوەکە کردووە.
 
سازڤان یەکێکە لەو زیانلێکەوتووانەی لە هۆتێلەکە دەمێنێتەوە، سەر و ماڵی ئێستای تەنیا یەک بەڕەیە، کە کەسێک بە خێر پێیداوە.
 
سازڤان خێرۆ، بۆ رووداو قسە دەکات و دەڵێ "هیچمان نەماوە، ئێمە تەنیا خۆمانمان پێ رزگار بوو. ناتوانین لە ماڵەکەدا بژین چونکە پێویستە بەتەواوی پاکبکرێتەوە، پاککردنەوەکەش بە ئێمە ناکرێت و دەبێت شارەوانی فریامان بکەوێت و هەموو شتەکان فڕێبدەن."
  
بۆ بەدواداچوون و تۆمارکردنی ناوی زیانلێکەوتووانی لافاو، چەند لیژنەیەک لە دهۆک پێکهێنراون و بڕیارە دواتر قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە.