لە تورکیا و باکووری کوردستان 139 کەس لەسەر ئاهەنگەکانی نەورۆز دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژێک بەر لە هاتنی نەورۆز، لە 15 شاری باکووری کوردستان و تورکیا ئۆپەراسیۆنی (بۆزدۆغان 12) بەڕێوەچوو و 139 گومانلێکراو لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکران.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 20-03-2024 رایگەیاند، "دوای دەستنیشانکردنی چەندان کەس کە چاوەڕوان دەکرا بەهۆی هاتنی نەورۆز لە 21 ئەم مانگە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و باڵەخانە و پانکارتەکانی نەورۆز و لە دوای ئاهەنگەکانی نەورۆزیش بانگەشە بۆ رێکخراوی جیا بکەن، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشمان لە 15 شار لە یەک کاتدا کرد و 139 کەسمان دەستگیرکردن."
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، "بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگری، لە شارەکانی (ئەردەخان، کڕککەلە، باتمان، شرنەخ، ئەرزەرۆم، ئیستەنبووڵ، ئەدەنە، مووش و رووها و وان) ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان کردووە."
 
لە کاتێکدا لە ئامەدی باکووری کوردستان بۆ ئاهەنگی نەورۆز ئامادەکارییەکان بەردەوامە، بەشی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئامەد، لە ئۆپەراسیۆنێکدا، 26 ئەندامی دەم پارتی لە ئامەد دەستگیرکرد.
 
چەند رۆژێکە لە چەندان شار و شارۆچکەی جیاوازی باکووری کوردستان، ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت. رۆژی چوارشەممە 20-03-2024 ئاگری نەورۆز لە شارەکانی (وان، باتمان، بەدلیس، جۆلەمێرگ، ئیدر، مێردین، سیرت، چەولیگ، شرنەخ، ئایدن، چەنەقەلە، قۆنیا، مانیسا و مێرسین) کرایەوە. بەیانیش ئاهەنگی گەورەی نەورۆز لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.