مەسرور بارزانی: بەداخەوە خەڵک بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەداخەوە خەڵک بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن."
 
بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2724، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خەڵکی کوردستان کردووە.
 
لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان، هەمیشە هێمای سەرکەوتن و ئازادی و وەستانەوە بووە بەڕووی ستەمکار و زۆرداران و دەستپێکی ژیان و سەردەمێکی نوێیە."
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، "رێز و پێزانینی زۆرم بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەداخەوە بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن."
 
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا هاتووە، "دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەپێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و ستەم و بێدادییەک بێت کە بەرانبەر گەلی کوردستان دەکرێت."
 
 
ئەمڕۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە؛ بەڵام لە دهۆک بە گوتەی قایمقام، بەهۆی ئەو دۆخەی لە سنوورەکەیان هەیە، تەنیا ئاگر دەکەنەوە و ئاهەنگ ناگێڕن.
 
نەورۆزی ئەم ساڵ کەوتووەتە نێو مانگی رەمەزانەوە، بۆیە چالاکییەکان و ئاگرکردنەوە فەرمییەکان دەکەونە دوای بەربانگەوە. لە سلێمانی مەشخەڵ هەڵدەکرێت و ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت، لە هەولێر ئاگر دەکرێتەوە و چالاکیی کولتووری ئەنجام دەدرێت. لە هەڵەبجەش ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.