ناوەندی راپرسیی ئادا: دەم پارتی 59.8%ی دەنگەکانی ئامەد دەباتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راپرسی و لێکۆڵینەوەی ئادا ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەم پارتی 59.8% و ئاکپارتی 28.2%ی دەنگەکانی ئامەد بەدەستدەهێنن.
راپرسییەکە لە رۆژانی 1 تاوەکو 15ی ئادار لە پارێزگای ئامەد کراوە و پرسیار لە 1500 کەس کراوە. پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە "ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردنی شارەوانی بێت، دەنگ بە کام بەربژێری شارەوانیی ئامەد دەدەیت؟"
بەگوێرەی ئەو وەڵامانەی ناوەندی ئادا کۆی کردوونەتەوە، ئایشە سەررا بوجاک و دۆغان هاتون، بەربژێرانی دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئامەد 59.8%ی دەنگەکان دەبەنەوە و دەبنە هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانییەکە. هەروەها محەممەد هالیس بیلدەن، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد 29%ی دەنگەکان دەهێنێت.
ئەم ئەنجامە لە کاتێکدایە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ماک، 21ی شووبات تاوەکو 9ی ئادار، راپرسییەکی لە ئامەد کرد و رایگەیاند، دەم پارتی 58% و ئاکپارتیش 29%ی دەنگەکانی ئامەد دەبەنەوە.
لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانیدا کە 2019 بەڕێوەچوو، هەدەپە (دەم پارتی) 62.9%ی دەنگەکانی ئامەدی بردەوە و پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی بەدەستهێنا. ئاکپارتی 30.9%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
دوای نزیکەی 5 مانگ، حکومەتی تورکیا دەستی بە هەڵمەتێکی قەیوومکردنی شارەوانییەکانی هەدەپە کرد و لە یەکەمین هەنگاودا سێ گەورەشارەوانییەکە؛ ئامەد، وان و مێردین قەیوم کران. قەیوم بەردەوام بوو و تەنیا چەند شارەوانییەک بەدەست هەدەپەوە مانەوە، ئەوی دیکە گشتی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لەکارلادران و بەرپرسانی ئاکپارتی لە شوێنەکانیان دانران.
بەربژێری پارتەکان بۆ گەورەشارەوانیی ئامەد
دەم پارتی سەڕا بوجاک و دۆغان خاتوون
ئاکپارتی محەممەد هالیس بیلدەن
جەهەپە جەعفەر پێکدەمیر
هوداپار فارووق دینچ
ئیی پارتی ئەحمەد چاکر
یەنیدان رەفاهـ حیکمەت کاپڵان
هاک-پار محەممەدشاهـ ئەرەن