لە دەروازەیەکی سنووریی ورمێ دەست بەسەر 9 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیرا

20-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دەروازەی سنووریی بازرگان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەست بەسەر نۆ کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا و کەسێکیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
 
درەنگی شەوی 19-03-2024 خالید جەنگجۆ، بەرپرسی گومرگەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاسایی سنوورەکەدا فەرمانبەرانی دەروازەی سنووریی بازرگان گومان لە بارهەڵگرێک دەکەن، کە دەیەوێت بچێتە دەرەوەی وڵات و دوای راوەستاندنی، دەیپشکنن.
 
بە گوتەی خالید جەنگجۆ، "لە ئەنجامی پشکنینەکاندا مادەی هۆشبەر لە بارهەڵگرەکەدا دەدۆزرێتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەست بەسەر نۆ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشەدا دەگیرێت."
 
دەشڵێت، "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بارهەڵگرەکەدا گرتووە، شۆفێری بارهەڵگرەکەش بە تۆمەت قاچاخچێتی و گواستنەوەی مادەی هۆشبەر دەستگیر کراوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ کراوە."
 
رۆژی 12-03-2024یش، لە هەمان دەروازەی سنووری، هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستیان بەسەر 150 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆیین و شیشەدا گرتبوو.
 
دەروازەی سنووریی بازرگان یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە لەگەڵ تورکیا و باکووری کوردستان، کە لە دیوی باکووری کوردستان وەکو دەروازەی سنووریی گوربولاک دەناسرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە