هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆمارى دەنگدەرانى 2021 دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەدواى 18 ساڵ لەگەڵ پارێزگاکانى دیکە و بە تۆمارى دەنگدەرانى هەڵبژاردنى ساڵى 2021 دەبێت.
 
هەوڵى پەرلەمانتارە عەرەب و تورکمانەکان بۆئەوەى دۆخى تایبەت بدرێت بە هەڵبژاردنى شارەکە شکستى هێنا، لەدواى بایکۆتى کۆبوونەوەى پەرلەمان لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە.
 
بەیانیى ئەمڕۆ دووشەممە 20ى ئادارى 2023، پەرلەمانى عێراق ئەو بڕگەیەى نێو پرۆژەیاساى هەموارى یاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد کە رێگە دەدات هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک هاوشێوە و هاوکات لەگەڵ پارێزگاکانى دیکە لە 6ى تشرینى دووەمى 2023 بکرێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 20-03-2023 بە تۆڕى میدیای رووداوى راگەیاند، "پەرلەمانتارانى عەرەب و تورکمانى کەرکووک دەیانویست دۆخێکى تایبەت بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بدرێت،" هەربۆیە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانى عێراق بۆ ماوەیەک بایکۆتى دانیشتنەکەیان کرد.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک لەو بارەوە ئەمڕۆ دووشەممە 20-03-2023 بە رووداوى راگەیاند، "پەرلەمانتارە عەرەب و تورکمانەکان دەیانویست وردبینی لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک بکرێت و دۆخى تایبەت بدرێتە هەڵبژاردنى پارێزگاکە، بەڵام دواى بایکۆتى فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئەوە پەسند کرا کە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکە و بە پشتبەستن بە تۆمارى دەنگدەرانى هەڵبژاردنى ساڵى 2021ى پەرلەمان دەکرێت."
 
دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک لە ساڵى 2005 ئەنجامدرا و دواتر تەمەنى ئەنجوومەنەکە درێژ کرایەوە، ئەگەرچى لە ساڵانى 2009 و 2013 دوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، بەر لەوەى لە ساڵى 2019 هاوشێوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى دیکەى عێراق بە بڕیارى پەرلەمان کارەکانی سڕ بکرێت.
 
لە هەڵبژاردنى ساڵى 2005ى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لە کۆى 41 کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لیستى برایەتى کە یەکێتى و پارتى پێکهێنەرى سەرەکیى بوون، زۆرینەى 26 کورسیی بەدەستهێنا و بەهۆیەوە پۆستى پارێزگارى پێدرا.