هەدەپە بەرنامەی ئاهەنگی نەورۆز لە رووها هەڵدەوەشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەهۆی کاریگەرییەکانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو، ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵی لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان هەڵوەشاندەوە.
هەدەپە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو لافاوەی لە 15ـی ئاداردا لە پارێزگای رووها دروستبوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 17 کەس لەو پارێزگایە، بەرنامەی ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵیان لە رووها هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 21ـی ئادار لە شارۆچکەی وێرانشاری پارێزگاکە، بەڕێوەبچێت.
هەدەپە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "ئێمە، دەمانویست ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە شارۆچكەی وێرانشاری رووها سازبکەین، بەڵام ناتوانین ئازارەکان و ئەو فرمێسکانەی کە رژاون پشتگوێ بخەین. بۆ ئەوەی نیشانی خەڵکەکەمان بدەین کە هەست بە ئازارەکانیان دەکەین، ئاهەنگەکانمان لە رووها هەڵوەشاندەوە".
لافاو لە رووها لەکاتێکدا روویدا، کە هێشتا 40 رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتدا تێنەپەڕیبوو، ئەو بوومەلەرزەی لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەروەها رۆژئاوای کوردستان و سووریا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار کەس.
لە پارێزگای رووها، هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنی هاووڵاتییەک بەردەوامە، کە رۆژی 15ـی ئادار لە رێگەی سەرەکی لەکاتی لێخوڕینی بارهەڵگرەکەیدا بەر لافاوەکە کەوت و تائێستا بێسەروشوێنە.