لیژنەی بینینی مانگ بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان کۆدەبێتەوە

20-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ      

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ کۆدەبێتەوە و چاودێری مانگ دەکرێت بۆ ئەوەی "بەپێی بەڵگە و بنەما شەرعییەکان یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریبکرێت." دەشڵێت: "ئەگەر بەهۆی هەور و بارانەوە مانگ نەبینرا پشت بە فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام دەبەسترێت کە مانگی شەعبان بە 30 رۆژ هەژمار دەکرێت."
 
رۆژی دووشەممە 20-3-2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەندێک سایت و پەیجی سۆشیاڵمیدیا هەندێک کەس یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکردووە، بەڵام فەرمی نییە." 
 
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەدا، بەمەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز، کاژێر 5:30ـی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 21-3-2023، لیژنەی باڵای بینینی مانگ بەھاوئاهەنگی لیژنە لاوەکییەکان لەپارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لەدیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کۆدەبێتەوە و چاودێری بینینی مانگ دەکەن و بەپێی بەڵگە و بنەما شەرعییەکان یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەستنیشان دەکات.

 

 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی: "چاودێریکردنی مانگ بە هەردوو شێوازی کلاسیکی و کۆنەکە واتە لە رێگەی چاوەوە و لە رێگەی تلیسکۆبیشەوە دەبێت، بەنموونە لە چیای گڵەزەردە لە سلێمانی و چیای زاوا لە دهۆک و چیا بەرزەکانی ناوچەی حاجی ئۆمەران و چۆمانەوە بەچاو چاودێریی مانگ دەکرێت." 
 
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی و گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بۆ کەشوهەوای رۆژی سێشەممە، 21-3-2023، ئەو رۆژە ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەور دەبێت. 
 
لە ئەگەری ئەوەی ئاسمان هەور بوو و مانگ نەبینرا، نەبەز ئیسماعیل گوتی: "لەو کاتەدا پشت بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر (د. خ) دەبەستین، کە دەفەرمووێت، ئەگەر بەهۆی هەورەوە مانگتان نەبینی 30 رۆژی شەعبان تەواو بکەن."
 
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023ی وەکو یەکەم رۆژی رەمەزان دیاریکردووە، هەروەها وەقفی سوننەی عێراق ئیمساکییەی مانگی رەمەزانی بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی ئیمساکییەکە رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە. 
 
رۆژی شەممە، لیژنەی بینینی مانگ لە ئێران بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت لەو وڵاتەدا، هەروەها دادگەی باڵای سعودیە داوای لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە رۆژی سێشەممە چاودێری بینینی مانگ بکەن.
 
ساڵی رابردوو، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی نیسانی 2022 کۆبووەوە و رۆژی 2ـی نیسانی 2022ـی بە یەکەم رۆژی رەمەزانی ساڵی 1443ـی کۆچی دیاریکرد.  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە