ئاسایشی سلێمانی تەرمێک بە خنکێندراوی لە ماڵێکدا دەدۆزێتەوە

20-03-2023
نیشانەکردن سلێمانی کوشتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاسایشی سلێمانی لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کەنەسوورە تەرمی پیاوێکیان دۆزییەوە، کە دوای ئەوەی ئەشکەنجەدراوە، دەست و پێی بەستراوە و کوژراوە، هەر لەو ماڵەدا لەژێر خاک شاردراوەتەوە.
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسەوە، ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسە ناوی رەحمان رەحیم ـە، لەدایکبووی ساڵی 1978ـە، باوکی شەش منداڵە و ماڵی لە گەڕەکی بەکرەجۆیە و شۆفێری تاکسی بووە.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20-3-2023) لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمەکەی، بەردەم ئەو ماڵە پڕ بوو لە کەسوکاری قوربانییەکە و هێزە ئەمنییەکان. تەرمی رەحمان رەحیم دوای دەرهێنانی لەژێر خاک، لەلایەن ئاسایشەوە بەڕێکرا بۆ دادپزیشکی.
 

 

 

ئاسایش: بە کەمتر لە 24 کاژێر تۆمەتبارانمان دۆزییەوە
 
عەمید پشتیوان بەهادین، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکەوە رایگەیاند "دوای ئەوەی (لەلایەن کەسوکارییەوە) ئاگادارکراینەوە کە کوڕێکیان لە ماڵ دەرچووە و ماوەی چەند کاژێرێکە دیار نییە، بۆ ئەو مەبەستە هەرزوو بە هاوبەشی و هەماهەنگی سەرجەم بەش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی نێو ئاسایشی سلێمانی و ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی، بە فەرمانی دادوەر بۆ دۆزینەوەی دەستبەکار بووین".
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بەگوتەی عەمید پشتیوان "توانی لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، دەستگیر بکات کە چەند کەسێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن".
 
بەهۆی ئەوەی ئاسایش لە سەرەتای لێکۆڵینەوەدایە هێشتا تەواوی وردەکارییەکانی ئەو رووداوە ئاشکرا نین، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەڵێ "لە ئاییندەیەکی نزیکدا وردەکارییەکەی بڵاودەکەینەوە، بەڵام دەمانەوێت ئەوە رابگەیەنین خۆشبەختانە، سەرجەم ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەو. ئەوانەی دەستگیرکراون ژمارەیان سێ کەسە، سەرجەم ئەو بەڵگانەمان لەبەردەستدان، کە ئەوان تاوانەکەیان ئەنجامداوە".
 
عەمید پشتیوان دەڵێ "ئەو ماڵەی تاوانەکەی تێدا ئەنجامدراوە، ماڵی یەکێک لە بکوژەکانە کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و لێرە نیشتەجێن. تائێستاش روون نییە ئەوانە باندن یان نا، پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان کوژراو و بکوژدا نەبووە بەڵام دوور و نزیک یەکدیان ناسیوە".
 
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی سلێمانی تایبەت بە رووداو گوتی ماڵەکە سەرەتا خەڵکی تێدا بووە بەڵام "دوای ئەوەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، ماڵەکەیان چۆڵ کردووە".
 
 
برازای کوژراوەکە؛ مامم پیاوێکی کاسب بوو  و لە هەینییەوە دیارنەمابوو
 
سیروان، برازای کوژراوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی مامی "پیاوێکی کاسب بوو، لە رۆژی هەیینییەوە بێسەروشوێنە و سوپاسی لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی دەکەین بە هەموو بەشەکانەوە کە لەو رۆژەوە ماندوون لەگەڵماندا.. زوڵمێکی گەورە بووە لە مامم کراوە، مامم پیاوێکی کاسب بوو و شۆفێری تەکسی بوو و، زۆر بە ناحەق شەهیدیان کردووە".
 
برازای کوژراوەکە هەروەها گوتی "ئێمە خەڵکی چەمچەماڵین (مامم) هاتووە بۆ سلێمانی بۆ کاسبی و هیچ ئاشنایەتییەک لەنێوان ئەو و بکوژانیدا نەبووە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە