لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا پارە بۆ دوو لیوا هاوبەشەکە تەرخانکراوە


رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لە بودجەی گشتیی ساڵی 2023دا و لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا، بودجەیەکی تایبەت بۆ دوو لیوا هاوبەشەکەی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەرخانکراوە. دەشڵێت: "ژمارەی سەربازەکانی دوو لیواکە هاوتای لیوا لە سیستمی بەرگریی عێراق دەبێت."
 
رۆژی دووشەممە 20-3-2023، عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەچوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا و لەنێو بودجەی گشتیی ساڵی 2023دا، بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو دوو لیوا هاوبەشەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دروستدەکرێن تەرخانکراوە، لەدوای پەسندکردنی بودجەی گشتیی عێراق لە پەرلەمانەوە، بەکارخستن و دەستبەکاربوونی دوو لیواکە دەستپێدەکات."
 
سەبارەت بە وردەکاریی و هەنگاوەکانی دەستبەکاربوونی ئەو دوو لیوایە، عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە گوتی: "یەکەمجار پێشمەرگەکان بانگدەکرێن لەماوەیەکی دیاریکراودا پەیوەندیی بە بنکەکانی مەشق و راهێنان بکەن، دوای دەخرێنە مەشق و راهێنانەوە کە بۆ ماوەی 45 رۆژ بۆ دوو مانگ و بە چەند کاروان و بەشێک دەبێت، چونکە ژمارەیان زۆرە، دوای ئەوە پڕچەک دەکرێن و پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکرێت، پاشان لەناوچەکاندا بڵاودەکرێتەوە." 
 
بە گوتەی عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە، لیواکەی سوپای عێراق مەشق و راهێنانیان وەرگرتووە، لیواکەی پێشمەرگە ماوە مەشق بکەن، کە ژمارەیان سێ هەزار و 751 کەس دەبێت.
 
وردەکاریی زیاتری لەبارەی ژمارەی پێشمەرگە و سەربازانی دوو لیواکەوەدا و گوتی: "بەگشتی ژمارەی ئەندامانی دوو لیواکە هاوتای لیوای سیستمی بەرگریی عێراقە، یەکێکیان سریەیەکی زیادە کە سریەی دەریاوانی دەبێت و لە پارێزگای نەینەوا بڵاودەکرێنەوە." 
 
مانگی ئابی ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردنە سەر ئەو هێزانە و خەڵکی ئەو ناوچانە.
 
ژمارەی ئەندامانی دوو لیواکە نزیکەی 7500 کەس دەبێت، هەر لیوایەک لە چوار فەوج پێکهاتووە، کە نیوەی لە پێشمەرگە دەبێت و نیوەکەی دیکەیشی لە سوپای عێراق و سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەبن، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقیشەوە پێداویستی و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.
 
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
 
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، سەبارەت بە نەخشەی بڵاوبوونەوەی ئەو دوو لیوا هاوبەشە گوتی: "لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە، بڵاودەکرێنەوە." گوتیشی: "لیوایەکیان لە خانەقینەوە تاوەکو پردێ بڵاودەکرێتەوە، لیواکەی دیکەش لەو دیوی پردێ تاوەکو نەینەوا دەبێت."
 
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ی پێشمەرگە و لیوای 66ی سوپای عێراق پێکدێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت و جێگرەکەی لەنەتەوەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیکەشيان فەرماندەکەی عەرەب بێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی کورد دەبێت.
 
یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، کە رۆژی 5-3-2023 پەخشکرا، رایگەیاند: "هەردوو لیواکە تەواو بووە، هەموو رێکارە کارگێڕییەکانی تەواو و ئامادەن. ئێمە تەنیا چاوەڕێی پەسندکردنی بودجە دەکەین. ئەمە بۆچی؟ چونکە هەردوو لیواکە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری زیاد دەکرێن. مووچە و دەرماڵە و چەک و هەموو پێداویستییەکیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری دابین دەکرێت. ئێمە تەنیا لەسەر دابینکردنی پارە وەستاوین، پێموایە زۆری نەماوە، هەر کە پەرلەمانی بەڕێز رەزامەندی بدات و بودجە پەسند بکات، ئەوا پرۆسەکە دەستپێدەکات."