گەشتوگوزاری هەولێر: زیاتر لە 61 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە

20-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 61 هەزار گەشتیار بەبۆنەی نەورۆزەوە سەردانی هەولێریان کردووە. گەشتوگوزاری سلێمانییش ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا 45 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە. لە دهۆکیش پێشبینیی هاتنی 15 هەزار گەشتیار دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 20-03-2023 لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی تایبەت بە نەورۆز بەڕێوەدەچن و گەشتیارێکی زۆریش لە شوێنەکانی دیکەی عێراق، پارچەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
نەریمان فازل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، بە بۆنەی نەورۆزەوە لە 13ی ئادارەوە 61 هەزار و 120 گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە."
 
ساڵی 2022 شەش ملیۆن و 35 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. نەریمان فازڵ دەڵێت، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 752 کەسیان سەردانی هەولێریان کرد، تەنیا بەبۆنەی نەورۆزیشەوە 100 هەزار و 686 گەشتیار هاتبوونە پارێزگاکەوە.
 
ساڵی 2022 دوو ملیۆن و 500 گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە؛ 100 هەزار گەشتیار لە نەورۆزدا سەردانی پارێزگاکەیان کردبوو. ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمساڵ لە 13ی ئادارەوە تاوەکو دوێنێ یەکشەممە 45 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانیان کردووە.
 
پارێزگای دهۆک بۆ نەورۆزی ئەمساڵ پێشبینیی هاتنی 15 هەزار گەشتیار دەکات. رێوار محەممەد، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، "ئەمساڵ مانگی رەمەزان نزیکی نەورۆزە؛ بۆیە پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی کەم گەشتیار سەردانی پارێزگاکە بکەن؛ ئەوپەڕی 15 هەزار گەشتیار."
 
گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک گوتیشی، ساڵی 2022 دوو ملیۆن و 347 گەشتیار سەردانی دهۆکیان کرد و لەو ژمارەیە زیاتر لە 30 هەزاریان بۆ نەورۆز سەردانی دهۆکیان کردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە