ئامادەکردن: ئەرکان عەلی و پێشەوا بەختیار
لە سلێمانی دوو پیاوی خانەنشین لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانیان لە دەستدا، چەندین ژن و پیاوی دیکەش لە هۆش خۆچوون، دوای نۆرەیەکی دوور و درێژ نیوەی خانەنشینەکان هەر مووچەیان وەرنەگرت، چونکە بانک پارەی تێدا نەما.
بەشێک لە خانەنشێنەکان لە دوێنێ شەوەوە لە بەردەم بانکی تانجەرۆی سلێمانی سەرەیان گرتووە ئەمڕۆ مووچە وەرگرن، دەیانی دیکەیش چوونەتە بەردەم دەرگەی بانکەکە و چاوەڕێن.
ئازاد ئیسماعیلی 74 ساڵ و عەزیز ئیبراهیمی 76 ساڵ، لە 4ی بەیانییەوە چوونەتە نۆرەوە، بەیانی کە دەرگەی بانک کراوەتەوە ئەوان لە ناو دەرگەکەیا وەستابوون، لەپڕ گوشار خراوەتە سەریان و ئەو دوو پیاوە گیانیان لەدەستدا.
راپۆرتی پزیشکی دەڵێت جەڵتە لێی داون. وەزیری دارایی فەرمانیدا بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆ دەستلەکاربکێشێتەوە، لیژنەیەکیش پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەم رووداوە.
ئازاد تەمەنى سەروو 74 ساڵ و پێشتر شۆفێر بوو لە بەڕێوەبەرایەتیى گواستنەوە و گەیاندنى سلێمانى، خانەنشین بووەکەى دیکە ناوى عەزیز ئیبراهیمى 76 ساڵ و پێشتر باخەوان بووە لە بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵی سلێمانى خەڵکى بازیان بوو.
پزیشکەکان بە هەردوو بنەماڵەکەیان گوتووە جەڵتەى دڵ لێیداون، محەممەد عەلى، زاواى کۆچکردووەکە دەڵێت، "کاژێر 10 بوو لە ئیش بووم، خێزانم تەلەفۆنى کرد وتى باوکم مردووە، خەزوورم هیچ نەخۆشییەکى نەبوو لە پاڵەپەستۆکەیان مردووە."
بنەماڵەى ئازاد لەبەر دڵپڕى و تووڕەییان، جگە لە تۆڕی میدیایی رووداو رێگەیان بە هیچ میدیایەکى دیکە نەدا، رووماڵى بەخاکسپاردن و پرسەکەیان بکەن.
زۆربەى مانگەکان ئەو قەرەباڵخییەى وەرگرتنى مووچەى خانەنشینى روویداوە، تۆڕی میدیایی رووداویش رووماڵێکى فراوانى نیگەرانیى خانەنشینانى لە گەرمیان و سلێمانى کرد.
حاجی حەمەڕەشیدی 71 ساڵان لەبارەی وەرگرتنی مووچە دەڵێت، "هەموو جارێک زۆر ماندوو دەبین، هەرچەندە زوویش بێین هەر درەنگ نۆرەمان دێت".
تەنیا بەردەم بانکی تانجەرۆ لە سلێمانی قەرەباڵخ نەبوو بەڵکو لە بەشێکی زۆری بانکەکانی سلێمانی هەر لە درەنگانی شەوی رابردووە مووچەخۆران نۆرەی وەرگرتنی مووچەیان گرتبوو، هەموو بانکەکانی سلێمانیش کێشەی کەمیی پارەیان هەیە.
ئاری رەباتی، خەزێنەدار لە بانکی تانجەرۆ دەڵێت، "پارە نییە، هەر چۆنێک بێت بەشی ئەمڕۆ پارەمان هێناوە، ئەمڕۆ دابەشی بکەین، لە بانکی هەرێمیش پارە نییە، نازانم بۆ ئێمەیش ئەو پرسیارە دەکەین کە بۆچی پارە نییە".
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر دابەشکردنی مووچە دەستی پێکرد بۆ 4 هەزار مووچەخۆری بانکی تانجەرۆ تەنیا 370 ملیۆن دینار دابینکرا بوو کە بەشی نیوەشیان ناکات، ئەوانەشی لە درەنگانی شەوەوە شەونخونیان کردبوو بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، هەندێکیان بەدەست بەتاڵی و هەندێکیشیان بە مووچەکانیانەوە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە.
لە ماوەى یەک ساڵدا ئەوە سێیەمین گیانلەدەستدانى خانەنشیانە لە کاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی مووچە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ