سەعدی ئەحمەد پیرە: کەی پێویست بوو یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە

20-03-2022
نازەنین گۆران
 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، هەر کاتێک پێویست بوو کۆدەبنەوە. سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیش گوتی، "ئێمە پێمان وایە لە رابردوودا لە هەڵبژاردنەکاندا هەندێک کێشەی هەبوون و ئێستا پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن". 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی ئاداری 2022، لە ڤێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە پارکی شانەدەر لە هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رێگەی رووداوەوە پیرۆزبایی نەورۆزی لە هەموو هاونیشتمانییانی کوردستان کرد و گوتی، هیوادارین نەورۆز پێکهاتەکان، نەتەوە و گەلی کوردستان لەیەک سەنگەر کۆبکاتەوە و "کێشە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن و بەرەنگاری ئەو کەس و لایەنانە ببینەوە کە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن و پێکەوە کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکەین و هەوڵی بەدیهێنانی ئەو مافانە بکەین کە بەدی نەهاتوون". 
 
بڕیارە 26ی ئاداری 2022، پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئێستا دووبارە بەربژێرکردووەتەوە، ئەوەش ناکۆکیی لەنێوان هەردوو حیزب دروستکردووە. یەکێتی ئەو پۆستە بە پشکی خۆی دەزانێت و پارتیش دەڵێت، "ئەو پۆستە پشکی حیزبێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پشک و مافی هەموو کوردستانە." 
 
پێشتر کاروان یاروەیس، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی بە یەک بەربژێر بەشداری لە دانیشتی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقدا بکەن، 18ی ئاداری 2022، بە رووداوی گوت، "پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی پێکەوە کۆببنەوە و پرسی سەرۆککۆمار و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن".
 
لەوبارەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر کاتێک پێویستبوو کۆدەبنەوە، رەنگە کاتی خۆی بێت و ئەوەش کاتی خۆی دێت". 
 
بڕیارە 1ی تشرینی یەکەمی 2022 خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام لایەنەکان لەسەر چەند پرسێکی دیاریکراو نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، دەیانەوێت کوردستان بەسەر چوار بازنە دابەشبکرێت و کورسی کۆتا وەک خۆیان دەڵێن، "بە گوێرەی شایستەی راستەقینەی خۆیان بێت و نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان بن و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بکرێتەوە"، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بارەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە و دژی رای لایەنەکانی دیکەیە. 
 
لەو بارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، "ئێمە پێمان وایە لە رابردوودا هەڵبژارن هەندێک کێشەی هەبووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت دەبێت دابنشین پێکەوە بزانین لە کوێ کێشە هەیە چارەسەری بکەین".  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە