رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بڕیاری دەستلەکار پێکێشانەوەی بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆی دەرکردووە و داواش دەکات لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی لە کاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی پێکبهێنرێت.
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە بڕیارماندا بە دەستلەکار پێکێشانەوەی بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆ (روقیە عومەر سەعید) و بەڕێوەبردنی کارەکانی لەلایەن (تارا ساڵح محەممەد) جێگری بانکەکە.
ئەمڕۆ دوو خانەنشین لەکاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەیان لە بەردەم بانکی تانجەرۆی سلێمانی گیانیان لەدەستدا. وەزیری دارای بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکبهێندرێت کە پێکهاتبێت لە زانا محەممەد قادر، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی سلێمانی، ئاشتی کەریم سەیف، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم سلێمانی، دەرسیم نەوزاد محەممەد، بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی سلێمانی.
عیرفان عەلی، بەڕێوەبەری كارگێری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای 122 ئەمڕۆ یەکشەممە 20-03-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو خانەنشین لە بەردەم بانکی تانجەرۆ بەهۆی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵخییەوە، گیانیان لەدەستدا. بە گوتەی عیرفان عەلی، دوو هاونیشتمانییەکە بە پەلە گەیێندرابوونە نەخۆشخانەی شار، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدابوو.
ئازاد ئیسماعیل تەمەنی 76 ساڵ و عەزیز ئیبراهیمی تەمەن 70 ساڵ، ئەو دوو هانیشتمانییەن کە ئەمڕۆ 20ی ئادار لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانیان لەدەستدا.
نوێدەکرێتەوە...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ