شەپۆلێکی بەفربارین تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆتایی مانگی شوباتە، جارێکی دیکە لق و پۆپی دارەکان سپی بوونە. هەرچەندە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانەیان کردووە، بەڵام خەڵک بارینی بەفر بە نیعمەت دەزانن.
 
گۆکهان ئوستونداغ، هاونیشتمانی دەڵێت: "بەڵی لە ئێوارەوە بەفربارین دەستیپێکردوو و تاوەکو ئەم بەیانییە نەوەستاوە. هیوادارم نیعمەتەکانی زۆر بن".
 
لە پارێزگای ئەردەخان بەهۆی سەرما و سۆڵە هاتووچۆ سەخت بووە. بەڵام خەڵکی ناوچەکە دڵخۆشن بەو دۆخە و بەفر وەک چارەسەرێک بۆ وشکەساڵی دەبینن.
 
هاونیشتمانییەک دەڵێت: "بەفر نیعمەتە، ئارامیە. دۆخی ئێمە باشە. زۆر بەفر دەبارێت و کەش و هەوا خۆشە. ئیشەڵڵا باشتر دەبێت."
 
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە، ئەمڕۆ لە قوتابخانەکانی 35 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کرایە پشوو، 13 لەو پارێزگایانە لە باکووری کوردستانن. 
 
رێگەی سەدان گوند و شارەدەێ داخراون و هەوڵی کردنەوەیان دەدرێت.
 
کەشناسیی تورکیا رایگەیاند، بەفربارین بەردەوام دەبێت و پێویستە هاووڵاتیان رێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرنەبەر.