رووداو دیجیتاڵ
سەیفوڵڵا حوسێن، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شارۆچکەی سەروچاوەیە لە ئیدارەی راپەڕین، دوای ئەوەی 22 ساڵ کەسوکارەکەی هەواڵیان لێی نەبوو، کۆتایی ساڵی رابردوو لە ئەفریقا دەرکەوتەوە، بەیانیی ئەمڕۆش گەڕایەوە نێو خێزانەکەی.
گەڕانەوەکەی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بوو.
سەیفوڵڵا دوای گەڕانەوەی بە رووداوی گوت: "زۆر زۆر خۆشحاڵم کە لە ماڵەوەم و لەنێو خەڵکی کوردستانم.. وەکو ئەوەیە تازە لەدایکبووبم. لەوە خۆشتر هەیە بگەڕێیتەوە نێو کەسوکاری خۆت؟"
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی: "ماوەیەکی زۆرم لە زیندان بەسەربرد." لە وەڵامی ئەوەی کە بیری کێی دەکرد، گوتی "بیری نیشتمانم زۆر دەکرد، بیری دایک و باوکم دەکرد، بیری هەموو خەڵکی سەروچاوە و کوردستانم دەکرد."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سەرەتا باڵیۆزی کینیا لە عێراق زانیاری لەبارەی ئەو هاونیشتمانییەوە دابووە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، ئەویش کەسوکاری سەیفوڵڵای ئاگادار کردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەمیدی مافپەروەر، سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی سەرەداوێکی ئەو رووداوەمان دەستکەوت، هەوڵی تەواومان دا تاوەکو بەڵگەی پێویستی بۆ دەربهێنین و بلیتی فڕۆکەی بۆ ببڕین تاوەکو بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی. "ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە بۆ ئەو و کەسوکارەکەی."
چیرۆکی سەیفوڵڵا کە پێشتر رووداو بڵاوی کردەوە:
سەیفوڵڵا حوسێن، بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا لە تەمەنی 19 ساڵیدا و ساڵی 1996 ناحیەی سەروچاوەی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین جێهێشتووە و چووەتە وڵاتی کینا لە ئەفریقا.
هونەر حوسێن، برای سەیفوڵڵایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانییەوە زانیاریمان دەستکەوت کە براکەمان لە وڵاتی کینیا زیندانی بووە، دواتر قسەم لەگەڵ براکەم کرد ئازاد کراوە و تەندروستیی باشە."
دوای ئەوەی سەیفوڵڵا حوسێن ساڵی 1996 چووەتە کینیا، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکارەکەی هەبووە تاوەکو ساڵی 2003، بە گوتەی هونەری برای، لەو ساڵەوە بێسەروشوێنە.
سەیفوڵڵا لە کینیا ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچێکی ئەفریقی پێکهێناوە و باوکی کوڕێکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ