رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە رایگەیاند، بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو بایکۆتی دەوامی قوتابخانەکان کۆتایی پێ بێت و دەوام ئاسایی ببێتەوە. لە سلێمانی و گەرمیانیش بایکۆت بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەیەکی کەمە بە شێوەی پچڕ پچڕ بایکۆت لە هەندێک شوێنی ئیدارەی راپەڕین هەبوو، بەڵام وا بڕیارە لەو شوێنانەش بایکۆت نەمێنێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە، تەنیا لە قوتابخانەکانی ناحیەی حاجیاوە نزیکەی دوو هەفتەک بایکۆت کرا، بەڵام بڕیارە یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەوام لە ئیدارەکە ئاسایی بێتەوە."
لەدوای تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن، ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەری سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی دەوامیان کردووە.
عەدنان حوسێن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە رووداوی گوت، ئاگادار نین کە یەکشەممە دەوام دەستپێدەکاتەوە، بەڵام "زۆر حەزدەکەین خوێندن دەستپێبکاتەوە، چونکە خوێندکاران لە بارودۆخێکی زۆر خراپ دان و زۆر دواکەوتوون."
لە پارێزگای سلێمانی بایکۆت بەردەوام دەبێت
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "بایکۆت بەردەوام دەبێت و کەس ناتوانێت لەبری ئێمە بڕیار بدات، چونکە بایکۆتی ئەمجارە تەواو خۆڕسکانەیە و لەسەر داوای هیچ گرووپ و دەستەیەک نەکراوە".
ئەم ساڵ بۆ جاری دووەم و لە 27-01-2025ـەوە مانگرتن لە بەشێکی قوتابخانەکانی ئەو سنوورانە دەستیپێکرد و دواتر فراوان بوو. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی دەڵێت، "مەگەر بە زۆری و گوشار بتوانن بایکۆتمان پێ بشکێنن، ئەگینا بەردەوام دەبین."
لە سلێمانی و هەڵەبجەش لە زۆرینەی قوتابخانەکان هەردوو قۆناخی 09ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی دەوامیان رانەگیراوە.
سەرچاوەیەک لە پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بایکۆت تائێستا بەردەوامە، بۆ شکاندنی بایکۆتی خوێندن، مامۆستایان چاوەڕێی مووچەی مانگی 12 و لیستی مووچەی مانگی دوو دەکەن، ئەگەر لیستەکە لە کاتی خۆیدا راگەیێندرا و مووچە دابەشکرا، ئەوکات مامۆستایان بایکۆت دەشکێنن."
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "بەشێکی مامۆستایانیش نیگەرانن لەوەی خوێندکاران وانەی زۆریان لێ دەفەوتێت و داوا دەکەن بایکۆت بشكێندرێت."
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ئەم هەفتەیە لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی چەند كۆبوونەوەیەك كراوە، داوا لەبەڕێوەبەری قوتابخانەكان كراوە دەوام دەستپێبكەنەوە، تەنیا لەیەك گرووپی قوتابخانە ئامادەییەكان كە 77 قوتابخانەیە 55ـیان ئامادەییان دەربڕیوە دەوام دەستپێبكەنەوە.
هەروەها زۆرینەی قوتابخانەكان ئامادەییان دەربڕیوە دەست بە دەوام بكەنەوە، بەڵام هەندێك لە مامۆستایان ئامادەنین دەستپێبكەنەوە.
لە 01-12-2024 زۆرینەی مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کرد، بەڵام لە کۆتایی مانگەکەدا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی 10 رایانگەیاند، بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان. لە دەستپێکی وەرزی دووەمەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگاکە لە ناوەندەکانی خوێندن بایکۆتە.
لەنێو مامۆستایانی مانگرتووی دامەزراودا، مامۆستایانی گرێبەستیش لە سنوورەکە مانیان گرتووە. کارۆخ عەبدوڵڵا یەکێک لە نوێنەرەکانیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمەش بەردەوامین لە مانگرتن، داواکاریی سەرەکیمان؛ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووە."
جیا لە مامۆستایانی گرێبەست، نوێنەرانی مامۆستایانی دامەزراو دەڵێن، داواکاریی سەرەکییان دابەشکردنی مووچەیە 30 رۆژ جارێک، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش پێیوایە، کۆی مامۆستایان بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "ناڕەزایی مامۆستایان لە زۆرینەی قوتابخانەکان بەردەوامە. پێموابێت مووچەی مانگی 12 دابەش بکرێت، دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ