رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ گوندی کافیا لە سنووری ناحیەی دینارتەی سەر بە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
گوندەکە چۆڵە، بەڵام چوار دانیشتووی گوندەکە کە رەز و باخیان هەیە، ئەمڕۆ بۆی گەڕاونەتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە کەسوکاری ئەو چوار کەسە وەریگرتوون، دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە ناویان بەشیر عومەر و عارف تەهایە و تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵەوەیە.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە رووداوی راگەیاند، "بۆردوومانەکە لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی تورکیاوە کراوە".
بەگوتەی بەرپرسانی ناوخۆیی ناوچەکە، تائێستا سەرووی 20 گوند لە سنووری ناحیەی دینارتە بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەوە چۆڵکراون.
ئەگەرچی تورکیا بە فەرمی هێشتا باسی لەم بۆردوومانە نەکردووە، بەڵام ئەو وڵاتە ساڵانێکی زۆرە بە پاساوی هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ