ئەو کچە دهۆکییەی بووە کاپتنی فڕۆکەی بۆینگ: 3600 کاژێر بۆ ئامانجەکەم فڕیوم

20-02-2024
هونەر رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کچە دهۆکییەک بەناوی رێژین محەممەد دۆسکی، وەکو یەکەم ژن لە مێژووی عێراق، بڕوانامەی کاپتنی یەکەمی فڕۆکەی بۆینگی پێدرا. 
 
رێژین کە لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، رۆژی دووشەممە، 19-02-2024، لە رێوڕەسمێکدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن رەزاق موحیبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕوانامەکەی پێدرا. 
 
ریژین دۆسکی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و گوتی، "لە هێڵی ئاسمانیی عێراقی پلەم بەرزکرایەوە و بوومە کاپتنی یەکەمی فڕۆکە. بێگومان ئەمە بە ئاسانی بەدەستنەهاتووە. من نزیکەی 3600 کاژێر فڕینم هەیە، ئەمە جگە لە خوێندنی ئەکادیمی".
 
رێژین دۆسکی: نێچیرڤان بارزانی رۆڵی هەبوو
 
سەبارەت بە خوێندنی ئەکادیمیی فڕۆکەوانی، رێژین دۆسکی گوتی، "ئەمە بۆ رۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. چونکە بە هاوکاریی بەڕێزیان ساڵی 2012 من توانیم لە ئەکادیمیای فرۆکەوانیی وڵاتی ئوردن دەست بە خوێندن بکەم. دوای ئەوەی دەرچووم، لە دوو مانگی کۆتایی 2014 بەشداریم لە خولێکی تایبەت بە (ئەیربەس 320) کرد و بوومە فڕۆکەوانی فڕۆکەی بۆینگ".
 
لەبارەی ئەوەی کە ماوەی دوو ساڵ لە هێڵی فڕۆکەوانیی (Jordan aviation)ـی ئوردنی کاری کردووە رێژین دۆسکی دەڵێت، "لەبەرئەوەی لە کوردستان هیچ هێڵێکی فڕۆکەوانی نەبوو، ناچار بووم لەو هێڵە ئوردنیە درێژە بە کارەکەم بدەم. ساڵی 2017 گواسترامەوە بۆ سەر هێڵی فڕۆکەوانیی عێراقی و لە وەزارەتی گواستنەوە دامەزرام".
 
ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی راژەی گواستراوەتەوە بۆ سەر وەزارەتی گواستنەوە، رێژین دۆسکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوەتە وڵاتی ئیمارات و لەوێ بڕوانامەی فڕۆکەوانیی (B738-800) بەدەستهێناوە و لە فڕۆکەوانیی ئیباس گواستراوەتەوە بۆ بۆینگ.

 

 
رێژین دۆسکی: یەکەم ژنم لە مێژووی عێراق کە فڕۆکە لە ئەمریکا وەربگرێت و بیگەڕێنێتەوە
 
رێژین دۆسکی هەروەها ساڵی 2023 نێردراوەتە وڵاتی بەریتانیا و لەمبارەیەوە گوتی، "هێڵی فڕۆکەوانیی عێراقی منی نارد بۆ ئەوەی راهێنانی فڕۆکەوانی لەسەر فڕۆکەی بۆینگ ماکس بکەم و فێر ببم. دوای ئەوەی بە سەرکەوتوویی تەواوم کرد، بوومە یەکەمین ژن لە مێژووی عێراق کە بچێتە ئەمریکا و لە ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای بۆینگ، فڕۆکە بۆ هێڵی ئاسمانیی عێراقی وەربگرێت و بیگەیەنێتەوە عێراق".
 
 رێژین دۆسکی رۆژی 1-12-2023 گەشتی وڵاتی ئیماراتی کردووە و لە دووبەی بەشداریی لە خولی 'فڕۆکەی بۆینگ' کردووە کە سێ هەفتەی خایاندووە. 
 
دۆسکی لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت، "دوای خولەکە گەڕامەوە عێراق و راستەوخۆ دەستم بە راهێنانی کردەیی کرد بۆ گەیشتن بە پلەی کاپتنی یەکەمی فڕۆکە. دوای 14 ساڵ کارکردنی جیدی لەو بوارە، ئەوەتا بۆ یەکەمینجار من لە سەر ئاستی عێراق بوومە کاپتنی یەکەمی فڕۆکە".
 
ماڵباتی رێژین ئێستا لە پارێزگای دهۆک دەژین؛ 5 برا و 6 خوشکی هەیە. ساڵی 1988 لەدایکبووە و ساڵی 2022 لەگەڵ فڕۆکەوانێکی بەغدایی بەناوی عەلی سالم، ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە.
 
داڕشتنەوەی هەواڵ: کۆسار عوسمان

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە