عەلی حەمەساڵح: لە بازگەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە نایاسایی باج وەردەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لە نێوان سنووری قەڵەمڕەوی پارتی و یەکێتی، بەشێوەی نایاسایی گومرگ لە بازرگانەکان وەردەگیرێت"، بەڵام یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "هیچ بەڵگە و سکاڵایەکمان رادەست نەکراوە."
 
سێشەممە، 20-02-2024، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لەنێوان سنووری قەڵەمڕەوی پارتی و یەکێتی، بەشێوەی نایاسایی گومرگ لە بازرگانەکان وەردەگیرێت و ئێستا ئەگەر گومرگ نەدرێت، رێگە نادرێت لە سنووری سلێمانییەوە کاڵا بهێنرێتە سنووری هەولێر و دهۆک، لەکاتێکدا هەمووان دەزانن رێگری لە هاتووچۆی کاڵا لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا کارێکی نایاساییە."
 
بەپێی یاسای رێکخراو، هەر خۆراک و کاڵا و پێداویستییەک، لە دەروازە سنوورییەکانەوە بهێندرێت، گومرگی وەردەگیرێت و دواتر دەبێت وەکو کاڵای نێوخۆیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
 
ئێستا لە نێوان هەولێر و سلێمانی، هێنان و بردنی مۆبایل و پێداویستییەکانی، جوانکاریی ناوماڵ، جگەرە بە هەموو جۆرەکانی، تووتنی جگەرە و فلتەر، تووتنی نێرگەلە، جگەرەی کارەبایی و تامی جگەرە، خواردنەوەی وزەبەخش، مریشک و هێلکەی خواردن و هێلکەی ترووکاندن، خورما، دەرمانی کشتوکاڵی، دەرمانی ڤێتەرنەری، ماتۆڕسکیل و پێداویستییەکانی و چەند جۆرێکی سووتەمەنی قەدەخەن.
 
عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "لە بەرامبەر داخیلبوونی یەک تانکەری سووتەمەنی بۆ هەولێر، بڕی 350 دۆلار گومرگ وەردەگیرێت کە بۆ حکومەت نییە و دوو کەس وەریدەگرن، ئەمەش هۆکارە بۆ مانەوەی نرخی سووتەمەنی بە بەرزی، هەروەها لە بەرامبەر یەک تۆن دەرمانی کشتوکاڵی کە لە هەولێر و دهۆکەوە ببرێتە سلێمانی، بڕی 25 دۆلار گومرگ وەردەگیرێت."
 
كاروان سوورچی، گوتەبێژی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان، لەوبارەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "نەمانزانیوە لەنێوخۆ و لەنێوان بازگەکاندا گومرگ وەرگیرابێت، ئەگەر کارێکی واش بکرێت، گونجاو نییە."
 
كاروان سوورچی گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک لەلایەن بازرگانانەوە نەکراوە، پێویستە ئەوانەی گوایە گومرگیان لێوەرگیراوە، سەردانمان بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش بەدواداچوون بکەین."