رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یەکەم رۆژەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، لەگەڵ تیمی هەرێمی کوردستان بە هانای لێقەوماوانەوە چوو، ئێستاش لە رۆژئاوای کوردستان لەرێگەی کردنەوەی نووسینگەیەک، بەردەوامیی بە گەیاندنی هاوکارییەکان دەدات.
دوای ئەوەی بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریای دا، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەرزوو گەیشتنە شوێنە بوومەلەرزە لێدراوەکان، دوێنێش کاتێک تیمی هەرێمی کوردستان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان گەڕانەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی نووسینگەیەکی لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان کردەوە.
ئەو نووسینگەیەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کردییەوە، نزیکەی 20 کارمەندی هەیە. ئامانج لە کردنەوەی ئەوەیە؛ بتوانێت بەردەوام بێت لە گەیاندنی هاوکارییەکان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی تائێستا سێ کاروان هاوکاریی گەیاندووەتە عەفرین و بەشێکی گوندەکانی، لەگەڵ جندرێس، ئەو شارۆچکەیە زۆرترین زیانی لە بوومەلەرزەکە بەرکەوتووە.
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێکهاتوون لە خۆراک، دۆشەک، بەتانی، چادر، جلوبەرگ و هەندێک یاریی منداڵان، ئەمانە جگە لە هاوکاریی تەندروستی.
بەپێی داتاکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-2-2023) زیاتر لە 21 هەزار خێزان لە عەفرین لە هاوکارییەکانی دەزگاکە سوودمەند بوون.
بەپێی زانییارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو نووسینگەیەی کراوەتەوە نووسینگەی دابەشکردنی هاوکارییەکانە بۆ هەموو ناوچەکە و، ئێستا دەزگاکە کار لەسەر ئەوە دەکات بەشێوەی فەرمی مۆڵەت لە والیی عەفرین وەربگرێت بۆ ئەوەی بە فەرمی نووسینگەی خۆی لەوێ دابمەزرێنێت.