ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سکاڵا لەسەر ئیدارەی گەرمیان تۆمار دەکات

20-02-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی پێکهێنانی ئەنجوومەنی نوێی شارەوانیی کەلار دەڵێت، "هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی کەلار لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە نایاساییە و ئەوان دەسەڵاتی ئەوەیان نییە ئەندامان هەڵبژێرن." بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیانیش دەڵێت، ئەوان کاریان بە نووسراوێکی وەزارەتی شارەوانی کردووە کە تێیدا داوای کردووە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە نێویاندا شارەوانیی کەلار پێکبهێندرێت.
 
ئەنجوومەنی شارەوانییەکان نزیکەی 20 ساڵە نەگۆڕدراون و دەبوایە هەر چوار ساڵ جارێک بە هەڵبژاردن ئەندامان هەڵبژێردرێن، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 پەیڕەوی ژمارە 2ی ساڵی 2019ی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە پێکهێنانی ئەنجوومەنەکانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان و، تێیدا بڕیاردرا لەبڕی هەڵبژاردن راستەوخۆ ئەنجوومەنەکە پێکبهێندرێت، کە 75%یان له‌ بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بن و 25%ی دیکەیان بۆ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی و پیشه‌ییه‌كان بن.
 
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رۆژی دووشەممە 20-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئیدارەی گەرمیان ناتوانێت خۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵبژێرێت. مادەی 35 لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە روونی دەڵێت، ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە پەسند دەکرێت، دوای پەسندکردنی پەیڕەوێک لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی."
 
دەقی مادەی 35ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجوومەنەکانی شارەوانی بۆ یەکە کارگێڕییەکان بە پەیڕەوێکی تایبەتی پێکدەهێنێت کە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی دەری دەکات."
 
کەریم عەلی دەشڵێت، ئەنجوومەنی شارەوانیی نوێی کەلار پێکهێندراوە و ناوەکان بۆ وەزارەتی شارەوانی نێردراون، لە کاتێکدا ئەوە پێچەوانەی نووسراوێکی خۆیانە کە جەخت لەوە دەکاتەوە لە رێگەی ئیدارە سەربەخۆکانەوە ناوەکان بنێردرێن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کەیسەکەی داوەتە داواکاری گشتی و رێکخراوەکان و دەشڵێت، "ئەم هەفتەیە لە دادگەی کارگێڕیش سکاڵا تۆمار دەکەم."
 
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە چوارچێوەی نووسراوێکی وەزارەتی شارەوانی کارمان کردووە کە ئاماژەی بە پەیڕەوی ژمارەی 2ی ساڵی 2019 کردووە و داوا دەکات ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، لەنێویاندا شارەوانیی کەلار، پێکبهێنرێت. بۆیە هەندێک ناو بۆ ئەو ئەنجوومەنە لە ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان پێشنیاز کراوە و دراوەتە وەزارەتی شارەوانی."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، پرسیاریان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە کە ئایا وەکو ئیدارەیەکی سەربەخۆ کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پارێزگای سلێمانییەوە نییە، هەڵبژاردنی ئەندامانی شارەوانیی کەلار پێویستی بە پەسندکردن لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەیە؟ بۆ ئەوەش چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی شارەوانین."
 
دەبێت ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان 13 ئەندام بن و 10 لایەنی حکومی و سێ نوێنەری رێکخراوە پیشەیی و ناحکومییەکان بن. کەریم عەلی دەڵێت، "نوێنەری سەندیکای کرێکاران و یەکێتیی زانایانیان وەکو ئەندام داناوە، لە کاتێکدا دەبێت ژووری بازرگانی و یەکێتیی مامۆستایان ئەندام بن."
 
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی کەلار گوتی، "نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران لە سەرووی هەموو دەسەڵاتەکانە. بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە 2ی ساڵی 2019 باس لەوە ناکات کێ ئەندام بێت و تەنیا دەڵێت، دەبێت 75%یان بەڕێوەبەری فەرمانگەکان بن. ئێمەش ئەو ئەندامانەمان داناوە کە پەیوەستن بە کاری شارەوانییەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.