بەنداوی خنس لە شێخان تەواو کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەنداوی خنس لە شێخان، کە توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، کارەکانی تەواو کراون و بۆ یەکەمجار ئاوی تێکرا. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، جگە لە خنس، سێ بەنداوی دیکە تەواو کراون.
 
رۆژی دووشەممە 20ی شووباتی 2023 هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەنداوی خنس، کە یەکێکە لە بەنداوە ستراتیژییەکان، کارەکانی تەواو بوون."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە بەنداوی خنس، سێ بەنداوی دیکەی نوێ تەواو کراون و لە رۆژانی داهاتوودا بە فەرمی دەکرێنەوە.
 
لەبارەی بەنداوەکەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەنداوەکە تەواو کراوە و وەکو تێست بۆ تۆکمەیی و بەرگریی بەنداوەکە، پڕکراوە لە ئاو.
 
 
بەنداوی خنس دوای ئەوەی ئاوی تێکراوە، لە رێگەی لیژنەیەکەوە چاودێری دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە کاتی تاقیکردنەوەیدا روودەدەن.
 
بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆکە و دەکەوێتە سنووری قەزای شێخان. بەنداوەکە ساڵی 2010 دەستیپێکرا.
 
لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە هەن. بەنداوی دووکان کە گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و ئێستا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە. بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە و ئێستا ملیارێک و 27 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
 
بەنداوی دهۆکیش توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و ئێستا 19 ملیۆن و 700 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدایە. بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی هەرسێ بەنداوەکە بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ ئاستی هیچیان نەگەیشتووەتەوە ئاستی هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو.
 
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە وەكو ‏‏یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكرا ‌و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ‏ئەمریكییەوە دروستكرا؛ بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکراوە.
 
جگە لەو سێ بەنداوە گەورە، لە هەرێمی کوردستان 14 بەنداوی دیکە هەن.