چیرۆکی ئەو هاونیشتمانییەی دوای زیاتر لە پێنج مانگ لەدەستی داعش رزگاری بوو

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی کەرکووک، دوای ئەوەی پێنج مانگ و 10 رۆژ بە دیل لەلایەن داعش مایەوە، رزگاری بوو و گەڕایەوە نێو ماڵ و منداڵی. ئەو هاونیشتمانییە لەرێگەی رووداو چیرۆکی دیلبوونی خۆی دەگێڕێتەوە، کە چۆن لەو ماوەیەدا تەنیا دۆشاوی پێدراوە و بەو هۆیەوە زیندووماوەتەوە.
 
ئارام هادی، خەڵکی کەرکووکە و لەگەڵ هاوڕێیەکی بووە کاتێک مانگی ئابی ساڵی رابردوو، لە جەبەل بۆری کەوتنە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش. چەکدارەکان هاوڕێکەی ئارامیان کوشت و دوای 170 رۆژ لە بەدیلگرتنی، لە شەوێکی تاریکدا دەست و قاچیان کردووتەوە و گوتوویانە "بڕۆ".
 
لەدوای رزگاربوونی، ئارام کە خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە، خۆی گەیاندووەتە لای شوانکارێکی لەیلان، لەویشەوە گەڕاوەتەوە نێو ماڵ و مناڵەکانی.
 
بەگوتەی خۆی، ئەوانەی گرتوویانە چەکداری داعش بوون، تەواوی ئەو ماوەیە دەست و قاچیان بەستووە، بۆیە نەیزانیوە لە کوێیە، هەروەها دەڵێ تەنیا دۆشاویان پێیداوە و حەوت دەرزیشیان لێداوە. چەکدارەکان قسەیان لەگەڵدا نەکردووە، بەڵام بە عەرەبی لەنێو خۆیان قسەیان کردووە، بەوە زانیویەتی چەکداری داعشن.
 
درەنگانی شەوی یەکشەممە (19-2-2023) چەکدارەکان، ئارامیان لەنزیک گوندی تۆپخانەی سەر بە لەیلان ئازاد کردووە و جێیان هێشتووە.
 
ئارام هادی بەمشێوەیە چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە "چاو و دەستمانیان بەستەوە و بۆ شوێنێکیان بردین (ئارام و هاوڕێکەی)، بە عەرەبی قسەیان دەکرد، بەس شوێنەکەم نەدەزانی. کە چاوت ببەسترێتەوە چۆن دەزانی کوێیە؟ ئەم شەش مانگە رۆشناییم نەبینی نە بەشەو نە بە رۆژ".
 
هەروەها باسی ئەوە دەکات تەنانەت بۆ چوونە توالێتیش، دوو کەس بردوویانە و هێناویانەتەوە، دەشڵێ "هیچ شتێکیان پێنەگوتم تاوەکو دوو رۆژ پێش ئازادکردنم. دەست و قاچیان کردمەوە و هێنامیان لەچەمی رۆخانە فڕێیاندام".
 
پێش بەدیلگرتنی، ئارام پێشمەرگە بووە. دەمێک بوو کەسوکاری وێڵی هەواڵێکی بوون، بەڵام هیچیان لەبارەیەوە نەدەزانی، تاوەکو دوای رزگاربوونی کە خۆی بە یارمەتیی شوانکارەیەک پەیوەندیی پێوە کردوون، ئیدی کەسوکاری لەگەڵ هێزێکی کۆماندۆ، بەدەمییەوە چوون.
 
هێرش هادی، برای ئارام دەڵێ "لە یەکەم رۆژەوە تاوەکو دوایین رۆژ، هیچ هەواڵێکی ئاراممان نەزانی". وەک خۆیشیان دەڵێن "لەگەڵ هەندێک شێخی عەرەب قسەمان کرد بۆ ئازادکردنی"، بەڵام هەوڵەکانیان بێ سوود بوون. 
 
تیمی تۆڕی میدیایی رووداو چووەتە ئەو ناوچەیەی ئارام و هاوڕێکەی تێیدا رفێنران، زۆربەی رێگاکان لەو شوێنەوە بۆ رێگای سەرەکی داخراون، پیاوێکیش کە شارەزای ناوچەکەیە پێیان دەڵێ "چەکداری نەناسراو لە ناوچەکەدا هەن و کەلوپەل وپاشماوەیان بینراون".
 
رێبوار ئەحمەد، خەڵکی ناوچەکە دەڵێ "من، بەچاوی خۆم داعشەکانم بینی. کەوتمە ناویانەوە و خوا منی رزگار کرد. دواتر خاڵم لە 28ـی ئاب تێکەوت و تیاچوو".
 
ئەو هاووڵاتییە باس لەوەش دەکات "لەم زنجیرەیەی دەچێتەوە بۆ رۆخانە، 30 بۆ 50 کیلۆمەتر لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق چۆڵە. رۆژانە ماتۆڕ (ـی چەکداران) هاتووچۆڕی تێدا دەکات".
 
مەترسییەکانی داعش وایانکردووە، ژمارەی نیشتەجێبووانی ناوچەکە لە پەنجەی دەست زیاتر نەکات، هەرچەندە جەبەل بۆر کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کەرکووک و زۆریش لە شارەوە نزیکە، بەڵام ئەو رووداوانە بەرەو چۆڵبوونی تەواویان بردووە.