وێرانکارییەکانی جندرێسی رۆژئاوای کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان تووشی شۆک دەکات

20-02-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
لە جندرێس تیمەکانی فریاگوزاری بەدوای بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکەدا دەگەڕێن. وێنە: AA
لە جندرێس تیمەکانی فریاگوزاری بەدوای بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکەدا دەگەڕێن. وێنە: AA
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاشماوەی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی شووبات لە شارۆچکەی جندرێس لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان نەتەوە یەکگرتووەکانی تووشی شۆک کردووە.
 
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی هەرێمی عەفرین و بەتایبەت شارۆچکەی جندرێسیان لە رۆژئاوای کوردستان کرد، بۆئەوەی لە نزیکەوە وێرانکارییەکانی دوای رووداوە سرووشتییەکە ببینن.
 
دەیڤد کاردن، یاریدەدەری رێکخەری مرۆیی هەرێمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "لە جندرێس، قەبارەی وێرانکارییەکە تووشی شۆکی کردم. هەرگیز شتی وام لە ژیانمدا نەبینیوە. زۆر هاوکاری پێویستن، بەتایبەتی لە شێڵتەرەکان. هەروەها خەڵک پێویستی بە ئاوی پاک و پێداویستیی تەندروستییە. دەبێت ئێمە ئاستی هاوکارییەکان بۆ خەڵک زیاتر بکەین."
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی خۆجێیی جندرێس، پێش بوومەلەرزەکەی 6ی شووبات، زیاتر لە 115 هەزار کەس لە جندرێس ژیاون. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، زیاتر لە 1100 کەس لەو شارۆچکەیە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 5000 کەسیش بریندار بوون.
 
39 کەمپی کاتی بۆ لەخۆگرتنی 3000 ماڵبات دانراون. لەو شارۆچکەیە 1110 باڵەخانە زیانیان پێگەیشتووە، کە 278یان بە تەواوەتی رووخاون.
 
تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ئەوەی لە جندرێس بینیویانە لە هیچ شوێنێکی دیکە نەیانبینوە.
 
سانجانا کوازی، بەرپرسی نووسینگەی تورکیا لە ناوەندی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، "لە جندرێسین، چونکە ئێرە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە. دوو رۆژ لەمەوپێش لە عەفرین بووین و هەمووان پێیان راگەیاندین بێینە جندرێس. دۆخەکە وێرانکارە و یەکێکە لەو شوێنە خراپانەی لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بینیومە."
 
بەگوێرەی رێکخراوە مرۆییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە، زیاتر لە 171 هەزار و 800 کەس لە ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای سووریا دەربەدەر بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە