رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، زۆربەی ئەو شیعانەی کۆبوونەوەى پەرلەمانیان بەجێهێشت، نوێنەری پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق بوون. دەشڵێت، "تەنیا یەکێتی و پارتی دەتوانن لەگەڵ شیعە و سوننە رێکبکەون."
یەکشەممە 19ى کانوونى دووەمى 2025 لە کۆبوونەوەى پەرلەمان لەسەر بڕگەى هەموارى یاسای بودجەى گشتى بۆ دیاریکردنى نرخى تێچووى بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمى کوردستان، گرژى دروست بوو و بەهۆیەوە دانیشتن لەسەر بڕگەکە دواخرا.
دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە یەکەمجار نییە کێشە بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانە دروست دەکرێت، کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندان، ژمارەیەک لە پەرمانتارانى شیعەى پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق، وەکو ناڕەزایی بەرامبەر دەنگدان بە هەموارى یاساکە چوونە دەرەوە، تاوەکو بڕگەى تایبەت بە دەنگدان بە هەموارى ئەو یاسایە لادرا."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتیشی، "خۆشبەختانە هەموو کات هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوان هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر ئەو پرسانەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندان، بۆئەوەی پەرلەمان بتوانێت پڕۆژەیاسای گرنگ تێپەڕێنێت، کە یەکێک لەوانە هەموارى یاسای بودجەى گشتییە بۆ دیاریکردنى نرخى تێچووى نەوتى بەرهەمهێندراوى هەرێمى کوردستان، بەڵام نەتواندرا."
هەموارەکە لە مادەی 12ی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاریى نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات؛ دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
دارا سێکانیانی باسی لەوە کرد، "وەکو ئێمە زانیومانە، لایەنە شیعەکانیش لە چەند رۆژی رابردوودا کۆبوونەوەیان کردووە، تێبینییان هەیە لەسەر هەمواری یاسا و بەدڵیان نییە، لە کاتێکدا داوایان لێکرابوو ئەگەر بڕگەیەکیشیان بەدڵ نەبوو؛ دەتوانن دەنگی پێنەدەن و تەنیا ئامادەبن، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون؛ بۆیە فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش کۆبوونەوەى پەرلەمانیان بەجێهێشت."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "هەندێک پرۆژەیاسا هەن بەردەوام لە پەرلەمانی عێراق جێگەی مشتومڕ و ناکۆکین، وەکو هەموارى یاسای بودجەى گشتى بۆ دیاریکردنى نرخى تێچووى نەوتى بەرهەمهێندراوى هەرێمى کوردستان، یاسای باری کەسی، یاسای لێبووردنی گشتی و گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، کە دوو لەوانە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە."
لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی شیعە و سوننەی عێراق، ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت، "تەنیا یەکێتی و پارتی دەتوانن لەگەڵیان رێکبکەون."
دوێنێ یەکشەممە، شاندێک بۆ پرسی مووچە، رێککەوتنی نوێ و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا. دارا سێکانیانی ئەوەی خستەڕوو، "سەردانی شاندەکە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە شاند دەڕوات بۆ بەغدا، بەڵام هیچ دەستکەوتێکیان نییە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئیرادەیەکی بەهێزیان نەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ