رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە نێوان پارتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە، پێشڤەچوونی "زۆرباش" بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەیە.
دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رووی سیاسی و تەکنیکی، لە نێوان پارتی و یەکێتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە بەرەوپێشچوونی زۆرباش هەیە."
هۆشیار زێباری، کە هاوکات سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، گوتی: "پرۆسەکە پێویستی بە کاتە، بۆ لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی تەواو لە نێوان هەموو لایەنەکان، تاوەکو ئێستا هەموو شتێک زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی و پارتی دوو کۆبوونەوەی فەرمیان کردووە، کۆبوونەوەی یەکەم 30-11-2024 لە دەباشان، کۆبوونەوەی دووەمیش 17-12-2024 لە پیرمام کرا.
هۆشیاری زێباری گوتی: "سێ جار کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی لە نێوان پارتی و یەكێتی، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کراوە."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی، کە دەگوترێت سبەی جارێکی دیکە کۆدەبنەوە، هۆشیار زێباری گوتی: "کۆبوونەوەی تەکنیکی لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو؛ دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ