پسپۆڕێکی ژینگە دەڵێ لەپێناو چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا پێویستە رێنماییە ژینگەییەکان بگۆڕدرێن

20-01-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
دیمەن زوهێر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ژینگە لە نووڕۆژی رووداو قسە دەکات
دیمەن زوهێر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ژینگە لە نووڕۆژی رووداو قسە دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی زانکۆ و پسپۆڕی ژینگە، ئاشکرای دەکات هۆکاری پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، سووتانی سووتەمەنییە بە رێژەیەکی زۆر. دەشڵێت "ژمارەی ئۆتۆمبێل زۆر زیاترە لە ستانداردی نێودەوڵەتی."
 
دیمەن زوهێر، مامۆستای زانکۆی زاخۆ و پسپۆری ژینگە لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات رایگەیاند، هەموو جۆرە پیسبوونێکی ژینگە لە هەرێمی کوردستان هەیە، وەکو پیسبوونی ئاو، هەوا، خاک، بینین و بیستن. "مەترسیدارترین جۆری پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستان؛ پیسبوونی هەوایە کە کاریگەریی راستەوخۆ دەکاتە سەر مرۆڤ." 
 
ئاستی  پیسیی هەوا لە پارێزگەی دهۆک بەپێی ماڵپەری پلەم لابس گەیشتووەتە 66 AQI ، گەردیلەی پیس لە هەوا گەیشتووەتە 22، بەڵام لە هەندێک کاتدا پیسیی هەوا لە دهۆک دەگاتە 80 AQI، شارەکە بۆ رۆژی دووشەممەش لە ئاستی زەرددا دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە هەندێک کاژێردا دەچێتە ئاستی پرتەقاڵی.
 
پێوانەی پیسیی هەوا و پاکییەکەی بە ئاماژەی کواڵێتیی هەوا (AQI) دەپێورێت، پێوانەکە 6 رەنگی هەیە کە سەوز سەلامەتترین و ماڕۆنیش مەترسیدارترینە. پێوانەی یەکەمی هەوا سەوزە، ئاماژەی پاکیی هەواکە دەبێت لەنێوان 1 بۆ 50 بێت، واتە لەو ژمارەیە بێ هەوای ئەو ناوچەیە کەمترین مەترسی تێدایە و جێگەی ترس نییە.
 
دوای سەوز، رەنگی زەرد دێت، لە ئاستی زەرددا کە دووەم ئاستە پێوانەی هەوا و پیسییەکەی دەبێ لە نێوان 51 بۆ  100 بێت، لەو ئاستەدا کواڵێتی هەوا جێگەی رازیبوونە، بەڵام هێشتا مەترسییە بۆ سەر هەندێک گرووپی خەڵك بەتایبەت ئەوانەی هەستیارن بە پیسیی هەوا.
 
لە ئاستی سێیەمدا، کە پرتەقاڵییە، ئاماژەی کواڵێتیی هەوا 101 بۆ 150ـیە، هەوای هەر ناوچەیەک لەو ئاستەدا بێت تەندروست نییە بۆ گرووپی جیاوازی هەستیار، کاریگەرییەکەی لەسەر گرووپێکی خەڵک دەردەکەوێت و لەسەر دۆخی گشتی خەڵک کەمتر کاریگەر دەبێ.
 
دیمەن زوهێر باسی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە بە گشتی دەکات و دەڵێت "لە سەدەی 20 بەدواوە بەهۆی پیشەسازی و کارەکانی مرۆڤەوە، ژینگە رۆژ لە دوای رۆژ پیستر دەبێت، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە، سووتاندنی زۆری سووتەمەنییە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەوا و ساڵانە لە هەرێمی کوردستان چەندین رۆژ هەن، کە هەوای شارەکان لە ئاستێکی زۆر مەترسیدارن." 
 
رۆژی 12 کانوونی دووەمی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی ژینگەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دا، کە بەم شێوەیە بوون: 
 
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە. هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێ خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت، هەر کەسێک سەرپێچی بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگە لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بگیرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
 
دیمەن زوهێر، مامۆستای زانکۆ لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی هەوای شارەکان گوتی "رێگەکانی چارەسەر بۆ پاککردنەوەی هەوا شارەکان جیاوازن، چارەسەرکردنی کێشەی پاڵاوگەکان لەگەڵ موەلیدەکانی کارەبا جیاوازە، یان کێشەی چارەسەرکردنی ئۆتۆمبێل کە کێشەیەکی سەرەکییە لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیان لە دهۆک زۆرە و لە ستانداردە جیهانییەکان زیاترە،  بۆیە پێویستە حکومەت سیاسەتی ژینگەی بگۆڕێت و رێنماییەکان نوێبکاتەوە وەکو چارەسەرێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی پیسبوونی هەوا و لایەنەکان پابەند بکرێن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانە." 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەلووعەیەکی ئاو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئاوی کۆیە هاوبەشانی ئاگادار دەکاتەوە: دوو رۆژ ئاو دابەش ناکرێت

بەڕێوەبەری ئاوی شاری کۆیە رایگەیاند، وێستگەکانی وەرگرتنی پاڵاوگەی ئاوی شارەکە پاکدەکرێنەوە، بۆیە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی شارەکە بۆ ماوەی 48 کاژێر ئاویان دەبڕێت.