ئاسایشی راپەڕین: چەند کەسێک کە بۆ شوێنەوار دەگەڕان رووبەڕوومان بوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، هێزەکانیان بۆ دەستگیرکردنی چەند کەسێک کە بە تۆمەتی "گەڕان بۆ شوێنەوار" چووبوونە چیای ماکۆک، چوونەتە شوێنەکە، بەڵام تۆمەتبارەکان خۆیان رادەستنەکردووە و دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵیان، هەڵاتوون.
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، شەوی هەینی، 20-1-2023، ئاگادار کراونەتەوە لە لەلایەن کەسانێکەوە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنەوار دەدرێت لە چیای ماکۆک، دوای ئەوەی هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە، تۆمەتباران رووبەڕوویان بوونەتەوە و دوای تەقەکردن، هەڵاتوون.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی راپەڕین، "هێزەکانی ئاسایشی قەزای حاجیاوا چوونەتە شوێنەکە و لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا رووبەڕووبونەوە دروست بووە و تۆمەتباران بۆ خۆدەربازکردن تەقەیان کردووە و لەبەر تاریکی و شاخاوییبوونی شوێنەکە، توانیویانە رابکەن".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە هێزەکانی ئاسایش سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوی تۆمەتباران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین "دڵنیایی" داوەتە هاونیشتمانییان کە هیچ مەترسییەک لە ناوچەکەدا نییە و هیچ زیانێکی مادی و گیانیش نەبووە.