پسپۆڕێکی دادپزیشکی چیرۆکی منداڵێک دەگێڕێتەوە کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر


رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی دادپزیشکی لە شاری هەولێر باس لە منداڵێک دەکات کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر و ئامۆژگاریی دایکان و باوکان دەکات کە ئاگاداربن و منداڵەکانیان بۆ پاراستن لە رووداوی هاوشێوە هۆشیاربکەنەوە.
 
رۆژی هەینی، 20-1-2023، دکتۆرە دیلمان ئازاد، پزیشکی پسپۆڕی دادی لە بڵاوکراوەیەکەدا بە ناونیشانی "دایکی بۆ شت کڕین ناردییە مارکێت، بەڵام دەستدرێژیی سێکسی کرایە سەر" لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک چیرۆکی منداڵێک دەگێڕێتەوە کە لەلایەن کەسێکەوە هەڵخەڵەتێندراوە و لە باڵەخانەیەکی تەواونەکراودا دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر.
 
دیلمان ئازاد کە لە شاری هەولێر دەژی و بۆ رووداوەکە هیچ ناونیشانێکی نەنووسیوە و ئاماژەی بە تەمەنی منداڵەکەش نەکردووە، دەڵێت: "بە پەشۆکاوییەکی زۆرەوە هاتە راوێژکاریی ئێواران. لەسەر و شێوەیەوە دیار بوو کە بە تەواوی شۆک بووە؛ دەزانێت ئەو کارەساتەی کە بەسەر کچەکەیدا هاتووە لە داهاتوودا دەبێت باجێکی قورس بدات. ئەو دایکێک بوو و کچێکی بچووکی لەگەڵدا بوو؛ بەر لە سڵاوکردن هاواری بۆ ئەوە دەکرد ماڵی وێران بووە و فریای بکەوم. هەر چۆنێک بوو کەمێک ئارامم کردەوە و پێم گوت چی روویداوە؟ گوتی دکتۆر پشکنینێکم پێویستە، بەڵام تکایە پێم مەڵێ بڕۆ بۆ پزیشکی دادوەری، چونکە بابەتەکانت دەخوێنمەوە و بەردەوام لەو جۆرە رووداوانەدا رێنوێنی خەڵک دەکەیت بچنە لای پزیشکی دادوەری، بەڵام من نامەوێت کێشەی گەورەتر بۆ خۆم و کچەکەشم دروستبکەم".
 
ئەو پزیشکەی دادپزیشکی ئاماژەی بەوەکردووە کە قوربانییەکە "زۆر منداڵ" بووە و دایکی گوتوویەتی: "وەک هەموو جارێک کچەکەمم ناردە دووکانێک کە زۆر دوور نەبوو لە ماڵەوەمان. هەندێک کەلوپەلم پێویست بوو کە بۆم بکڕێت. ئەمجارەیان زۆر دواکەوت و هەر نەهاتەوە. دوای دواکەوتنێکی زۆر کچەکەم بە گریانەوە هاتەوە و گوتی دایە پیاوێکی بە تەمەن، ئۆتۆمبێلەکەی راگرت و پێی گوتم دایکت ئیشی پێتە وەرە با بتبەمەوە ماڵەوە و منیش کە گوتی دایکت کاری پێتە خێرا لەگەڵی سەرکەوتم، بەڵام لە رێگە باڵەخانەیەکی تەواونەکراو هەیە کە شوێنەکەی چۆڵە. لەو باڵەخانەیە منی هێنایە خوارەوە و منی رووتکردەوە و پەنجەی خستە جەستەم و خوێنم لێهات. دوای ئەوە منی بردەوە ناو ئۆتۆمبێلەکەی و پێی گوتم بە دایکت بڵێ بزانە چی دەکەم و چیتان بەسەر دەهێنم".
 
بەگوێرەی گێڕانەوەکەی دکتۆرە دیلمان ئازاد، منداڵەکە گوتویەتی نەیتوانیوە هاوار بکات بۆ ئەوەی کەسێک بەهانایەوە بچێت، چونکە کەسی تۆمەتبار دەستی لەسەر دەمی داناوە.
 
دیلمان ئازاد ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە دایکی منداڵەکەی گوتووە، دەبێت زوو منداڵەکە ببردرێتە دادپزیشکی و راپۆرتی بۆ بکرێت و پۆلیس ئاگادار بکرێتەوە، دواتریش پزیشکی دەروونی منداڵەکە ببینێت.
 
ئەو پزیشکە داوا دەکات، دایکان و باوکان منداڵەکانیان پەروەردە بکەن کە لەگەڵ کەسانی بێگانەدا نەچنە نێو ئۆتۆمبێلەوە و هیچیشیان لێ وەرنەگرن.
 
دیلمان ئازاد دەشڵێت، بەگوێرەی ئەزموونی خۆی کە بەردەوام مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوانەدا دەکات، ئەو منداڵانەی دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەریان کۆمەڵێک کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دەردەکەوێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
 
- ترس لە هەموو شتێک لە دەوروبەریان.
- ئازاردانی خۆیان، بەتایبەت بیری خۆکوشتنیان دەبێت.
- تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و لە خواردندا کێشەیان بۆ دروست دەبێت؛ هەست بە شەرم و تاوان دەکات.
- دواکەوتنی گەشەی دەماخ بەراورد بە تەمەنی خۆیان.
- تووشی جۆرەها نەخۆشیی گوێزراوە دەبن، ئەگەر هەرزەکار بن لەوانەیە تووشی دووگیانی بن.
- زۆربەی توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەوانەی تووشی دەستدرێژیی سێکسی دەبن لە کۆتاییدا ئازاری منداڵانی دیکە دەدەن.
- باوەڕ بە کەس ناکەن؛ لە ژیانیاندا کێشەی کۆمەڵایەتییان بۆ دروست دەبێت.
- تووشی خەمۆکی دەبن یان جۆرە کێشەیەکی دەروونی پیی دەڵێن post traumatic stress disorder.