چیرۆکی تەقەکردن لە ماڵی هاونیشتمانییەک لە گوندی کانی قرژاڵەی هەولێر

20-01-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
شوێنی تەقەکردن لە ماڵی هاونیشتمانییەک لە هەولێر
شوێنی تەقەکردن لە ماڵی هاونیشتمانییەک لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی 17ـی ئەم مانگە لە کۆڵانێکی کانی قرژاڵە دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی کەسێک کرا. ئەو هاونیشتمانییەی کە دەڵێت هێرشەکە بۆسەر ماڵی ئەو بووە، بە رووداوی گوت، شەوی دواتریش جارێکی دیکە دەستڕێژی گولـلە لە ماڵەکەی کراوەتەوە.
 
دوای رووداوەکە، ژمارەیەک لە کەسوکاری لوقمان بە چەکەوە چوونە ماڵەکەی بۆ پارێزگاری لێی. لوقمان عومەر ماوەیەک کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لە سۆران کردووە و دەڵێت، "با تەلەفۆنم بۆ بکات و لە شوێنێک با یەک ببینین و شوێنێکی دیاربێت بڵێت کاکە وەرە ئێرە با یەکدی بکوژین، یان مافی تۆ لای منە بمدەوە یان مافی من لای تۆیە بمدەوە، هیچمان لە نێوان نییە هەر دێت و تەقەی دەکات." 
 
دایکی لوقمان دەڵێت، "منداڵەکانمان رایانکرد و گوتیان کچێ دایە هەڵسە لوقمانیان کوشت، پێنج کەس لێی ئاڵابوون." 
 
پەیامنێری رووداو چووە لای محەممەد، ئەو گەنجە 26 ساڵەی کە تۆمەتبارە بە تەقەکردنەکە و دەڵێت، ئەم کێشەیە لەسەر ئەوەیە کە لوقمان ئۆتۆمبێلێکی بە قەرز لێ بردووە و لەبری ئەو؛ ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتای پێداوە و بەگوتەی ئەو، "فێڵێ لێکراوە". 
 
محەممەد هەرکی بە رووداوی گوت، "پەیوەندی پێوە دەکەم وەڵام ناداتەوە، دەڵێم وەرە کاکە دانیشین نایەت، منیش چوومە لای و گوتم کاکە تۆ بۆ پارەی من نادەیەوە، راست رایکێشا دەمانچە، منیش ناچاربووم بەرگری لە خۆم بکەم دوایش دەڵێت پێنج نەفەر، نەخێر نە دەمامکدار بووینە نە پێنج نەفەر بووینە، خۆم و شۆفێرەکەم بووین، من یەک شەو رۆیشتووم و قسەم لەگەڵی کردووە و بەرگریم لەخۆم کردووە و تەقەم لێکردووە، شەوی دووەم کەسێک بێت و نەیارێکی من بێت یان ئەو بۆ تێکدانی دۆخەکە بێت من ئاگادار نیم، ئەو ئۆتۆمبێلەی بردووە با مافی ئۆتۆمبێلەکەمان بداتەوە و ئێمە برای یەکدین ئەگەرنا ئەم کێشەیە قوڵتر دەبێت ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە نەداتەوە." 
 
لوقمان سکاڵای لە بنکەی پۆلیسی سێبیران تۆمارکردووە لە دوای دەستڕێژی شەوی 17 مانگ. بەهۆی ئەوەی ماڵەکەی لوقمان لە کۆڵانێکی سەرەکییە و دراوسێکانی نۆرینگەی پزیشکی، مارکێت و کۆمەڵێک شوێنی گشتین، بۆیە بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان و دراوسێکانی، بڕیاری داوە لەو گەڕەکە نەمێنێت و ماڵەکەی بگوزێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە