باڵیۆزی پاکستان: بەنیازین کۆنسوڵخانە لە هەولێر بکەینەوە و گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆمان هەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی پاکستان لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایدەگەیێنێت، بەنیازن کۆنسوڵخانە لە هەولێر بکەنەوە و گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆیشیان بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت.
 
پاشنيوه‌ڕۆى رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 20-01-2022 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیى له‌ ئه‌حمه‌د ئه‌مجه‌د عه‌لى، باڵيۆزى پاكستان له‌ عێراق كرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ ديدارێكدا خواستى هاوبه‌ش بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پاكستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى بازرگانى، په‌روه‌رده‌يى و زانكۆييدا، ده‌رفه‌تى كار و سه‌رمايه‌گوزارى بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى پاكستانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ره‌وه‌ند و ده‌ستى كارى پاكستانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ زۆر بوارى جيادا كار ده‌كه‌ن، تاوتوێ كران.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵيۆزى پاكستان دووپاتى كرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و بوارێكى باشى هاوكارى و چالاكيى بازرگانیى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌يه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نيازى وڵاته‌كه‌یى به‌ كردنه‌وه‌ى كۆنسوڵخانه‌يه‌ك له‌ هه‌ولێر نيشاندا و باسى له‌ ده‌رفه‌تى هه‌بوونى گه‌شتي راسته‌وخۆى ئاسمانى له‌نێوان پاكستان و هه‌رێمى كوردستاندا كرد.
 
لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان دووپاتكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌ ده‌رفه‌تى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانی پاكستانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.