رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، پێویستە بابەتی مووچە لە ململانێی سیاسی دووربخرێتەوە و نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆران بەکاربهێنرێت.
رۆژی چوارشەممە 20-01-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیشکی خستەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، کە "هەرێمی کوردستان بەردەوام کاریکردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەربکرێن . بۆ ئەم مەبەستەش هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێکردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت."
سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایدەگەیێنێت "پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ کردووە و راشیگەیاندووە "هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەی بە "گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ