وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە روونکردنەوەیەکدا: دوو خێزانی کەمدەرامەتمان لە کرێچێتی رزگارکرد

20-01-2021
نووری ماونی
نووری ماونی @nure_mawni
نیشانەکردن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاندووە، توانیویانە دوو خێزانی کەمدەرامەت لە کرێچێتی رزگار بکەن، کە خێزانێکیان لە سێ خوشک پێکهاتبوون و لە گەراجی ماڵێکدا دەژیان.
 
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەبارەی دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە شوقەکانی کەندەکەوە لە سلێمانی، وەزارەتەکە لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، ئاماژەی بەوە کردووە "شوقەکانی کەندەکەوە کە پێکهاتووە لە (564) یەکە، لە کۆتایی ساڵی (2013)وە تەواوکراون و لە ساڵی (2014)دا دابەشکراون، لە سەرەتای ساڵی (2015)شدا گرێبەست بۆ سوودمەندبووان کراوە بەپێی ریزبەندیی خاڵ و رێنماییەکانی وەزارەت".
 
لە روونکردنەوەی وەزارەتەکەدا هاتووە "لەو یەکانە تەنها دوو شوقەی چۆڵ هەبوون، یەکێکیان دراوە بە خێزانێکی کەمدەرامەت و شایستە کە خێزانێکی سێ کەسی بوون و لە سێ خوشکی بێ لانە پێکهاتبوون، لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە کە نوێنەرایەتیی سەرجەم دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی دەکات، داواکەیان بەرزکراوەتەوە و دواتر رەزامەندیی لەسەر دراوە. ئەوەی دیکەش بە هەمان شێوە لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان دراوە بە خێزانێکی کەمدەرامەت و شایستە، کە ئەو دوو خێزانە هەمان رێنماییە کارپێکراوەکان دەیانگرێتەوە".
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو رێکارە لەلایەن وەزیرەوە جێبەجێ کراوە، کە دەسەڵاتەکەی پاڵپشتە بە رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2012) و یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2011) یاسای یەکەمی هەموارکردنی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی (2008) یاسای دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان - عێراق.
 
وەزارەتەکە دەڵێت "ئێستا نۆ یەکە لە شوقەکانی کەندەکەوە داگیرکراون کە کاتی خۆی دراوە بە ژمارەیەک هاووڵاتی کە خانوویان هەبووە و شایستە نەبوون، بەڵام دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، بەڵام تاوەکو ئێستا چۆڵیان نەکردووە".
 
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە دەرگایان واڵایە بۆ پەرلەمانتاران و سەرجەم هاونیشتمانیان بۆ دەستخستنی هەر زانیاری و بەدواداچوونێک سەبارەت بە پرۆژەکانی وەزارەتەکە.
 

دەقی نووسراوێک کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڵاویکردووەتەوە

ـ

دەقی نووسراوێک کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڵاویکردووەتەوە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە