​لیژنەهاوبەشەکانی سلێمانی: لە سلێمانی پەیجی ئۆنلاین بۆ دەرمانی جوانکاری نەماوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیێنێت فرۆشتنی دەرمان و پێداویستیی جوانکاری لە رێگەی پەیجە ئۆنلاینەکانەوە لە 100٪ کەمی کردووە و نەماوە.
 
د. پەرست نەقشبەندی، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پەیجە ئۆنلاینەکان ناوەندی سەرەکیی ساخکردنەوە و فرۆشتنی بەرهەمی ساختە و بابەتی جوانکاریی قەدەخەکراو و قاچاخ بوون. بەپێی پلانی لیژنەکانمان ئێستا هیچ پەیجێکی ئۆنلاین ناتوانێت ئەو بەرهەمانە بفرۆشێت مەگەر بە نهێنی ئەو کارە بکەن."
 
لەبارەی زیادبوونی سەرپێچیەکان د. پەرست نەقشبەندی باسی لەوە کرد کە لیژنەکانیان شەش رۆژ لە هەفتەیەکدا لە بەدواداچوونەکانیان بەردەوامن و هاونیشتمانیانیش لە پێدانی زانیاری لەسەر شوێنی سەرپێچیکار هاوکاریانن.
 
ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان 38 لیژنەیان هەیە کە ئەگەر ئەو ژمارە لیژنەیە لە هەر پارێزگایەکی دیکەی هەرێمی کوردستان کار بکەن، لەو پارێزگایانەش ئامارەکانی سەرپێچیکردن زیاتر دەبن.
 
هەروەها د. پەرست نەقشبەندی ئاشکرای کرد کە پلانیان هەیە تا مانگی سێ چەند لیژنەیەکی دیکە زیادبکەن.
 
رۆژی سێشەممە 2021/01/19 لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی شوێنێکی تایبەت بە فرۆشتنی دەرمانی گیاییان داخست کە بوتڵێک گیراوەی کەرەوز و ئاوی بە 120 هەزار دینار فرۆشتبوو.
 
د. پەرست نەقشبەندی  باسی لەوە کرد کە سەیرترین رووداو لەم بارەیە بینیبێتی ئەوە بووە کە "ماددەیەک بۆ جوانکاریی بەشێکی لەشی ئافرەتان فرۆشراوە کە وەک شاف بەکارهێنراوە. دواتر لە تاقیگەدا دەرکەوت کە ئەو ماددەیە خورمای سووتێنراوە کە بە سەروو 40 هەزار دینار دەفرۆشرا."