مامۆستایەكی ئایین لە كەركووك خۆی دەخنكێنێ

رووداو - هەولێر

 چێنەر بە مامۆستاكانی قوتابخانەكەی گوتبوو كە لەوانەیە ئیدی نەگەڕێتەوە قوتابخانە، مامۆستا چێنەر قسەكەی خۆی بردە سەر و لە ژوورێكی ماڵەكەیاندا بە پەتێك خۆی هەڵواسی.
 
چێنەر ناسح، تەمەن 29 ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی شۆڕجەی شاری كەركووك، سەعات نۆی شەوی 14/1/2020 لە نێو ماڵەكەیدا، بە لەچكەكەی خۆی هەڵدەواسێ و خۆی دەخنكێنێ‌.
 
موقەدەم فەرهاد مەحموود، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی ئازادی بە (رووداو)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لەلایەن برایەكی ئافرەتەكە لە رووداوەكە ئاگادار كراینەوە، چووین بۆ نەخۆشخانە، خۆم لەچكەكەم لە ملی ئافرەتەكە كردەوە، تەرمەكەمان نارد بۆ پزیشكی داد، دەركەوت ئەو ئافرەتە سەعاتێك پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە مردووە".
 
پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە كردووەتەوە و قسەی لەگەڵ دایكی كچەكە كردووە كە لە كاتی رووداوەكە تەنیا ئەو لە ماڵ بووە. موقەدەم فەرهاد گوتی: "دایكی دەڵێ كچەكەم هیچ كێشەیەكی نەبووە".
 
چێنەر ئەو شەوە بە دایكی گوتبوو دەچمە سەرەوە جل دەشۆم، بەڵام دواتر خۆی خنكاندووە. بە گوتەی پۆلیس ئەو كچە دوو مۆبایلی هەبووە، بەڵام هیچ لە مۆبایلەكانی دیار نەماون.
 
 ئاكۆ ناسح كە برای چێنەرە، لە پرسەی خوشكەكەیدا باسی ژیانی خوشكەكەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی: "خوشكەكەم دەرچووی زانكۆ بوو، چەند جارێك ناوی نووسی لە پەروەردەی كەركووك بۆ دامەزراندن، كەچی ناوی نەگەڕایەوە، بەوەش خەمی زۆر دەخوارد، بەڵام لەو باوەڕەدا نەبووین بگاتە ئەو راددەیەی خۆی بخنكێنێ‌".
 
چێنەر كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی  تەواو كردبوو، ماوەی دوو ساڵ بوو لە قوتابخانەیەكی ئەهلی لە شاری كەركووك وانەی دەگوتەوە. براكەی دەڵێت چێنەر كەسێكی زۆر بێ كێشە بوو، ئەگەر پێشتر كێشەیەكیشی هەبووبێ‌، ئەوانی ئاگادار كردووەتەوە.
 
 چێنەر لەگەڵ دایكی و دوو برای و باوكە نابیناكەی دەژیا. ئەو رۆژە چووەتە قوتابخانە و دەوامی كردووە. دوای ئەوەی نانی ئێوارەی خواردووە بە دایكی گوتووە دەچێتە سەرەوە جل دەشوات، بەڵام لەوێ‌ خۆی خنكاندووە.
 
دوای سەعاتێك دایكی چەند جارێك بانگی كردووە، بەڵام چێنەر وەڵامی نەداوەتەوە. ئاكۆ گوتی: "دوای ئەوەی  چێنەر وەڵامی دایكمی نەدابووەوە، دایكم چووبووە نهۆمی سەرەوە.  بینیبووی چێنەر خۆی هەڵواسیوە. هاواری بۆ براژنەكەم بردبوو، كە چەقۆیەك بهێنێ‌ و لەچكەكە لە شیشی بنمیچەكە بكەنەوە، بەڵام نەیانتوانیبوو، پاشان هانایان بۆ دراوسێكیان بردوو، تەرمەكەیان لە شیشەكە كردبووەوە و بردبوویان بۆ نەخۆشخانە".
 
ئاكۆ سەری سوڕماوە لە خۆخنكاندنی خوشكەكەی و دەڵێت: "هیچ كێشەیەكی نەبوو، بە ئارەزووی خۆی حەزی لێبووایە دەوامی دەكرد، حەزیشی لێنەبووایە نەیدەكرد". هەروەها دەڵێت: "خوشكەكەم دەرچووی خوێندنی ئیسلامی بوو، دوای دەوامی قوتابخانەكەی لە مزگەوتەكەی لای ماڵمان وانەی ئاینی بە قوتابیان دەگوت. جاری وا هەبوو تا درەنگ نەدەهاتەوە، چونكە ئێمە ئازادیی تەواومان پێدابوو".
 
 سەبارەت بەوەی كە دەڵێن خەمی لە دانەمەزراندنی خواردووە، بۆیە خۆی خنكاندووە، ئاكۆ گوتی :"راستە خەمی لەوە دەخوارد، بەڵام خوشكەكەم دوو ساڵە لە قوتابخانەیەكی ئەهلی بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دەوامی دەكرد، بۆیە لەو باوەڕەدا نیم لەبەر ئەوە خۆی كوشتبێ‌".
 
 ئاكۆ گوتیشی: "خوشكەكەم ئەو رۆژە لە قوتابخانە بە مامۆستایەكی هاوڕێی گوتبوو لەوانەیە نەیەمەوە بۆ قوتابخانە، ئاگاداری قوتابییەكانم بە، دەفتەری تاقیكردنەوەی  قوتابیەكانی بە هاوڕێكەی دابوو، قسەكەی خۆیشی بردە سەر و خۆی خنكاند"
 
 ئاكۆ پێیوایە خوشكەكەی پلانی بۆ خۆخكاندن دانابوو، چونكە بەر لە خۆخنكاندنی داوای لە براكەی كردبوو ژوورەكەی بۆ چۆڵ بكات. سەبارەت بە دیارنەمانی مۆبایلەكانیشی، ئاكۆ گوتی: "نیوەڕۆ كە هاتبووەوە، دایكم مۆبایلەكەی لەدەست نەبینیبوو، لێی پرسیبوو كوا مۆبایلەكانت، چێنەریش گوتبووی لە قوتابخانە لەبیرمكردوون بەیانی دەیانهێنمەوە، بەڵام دوای خۆخنكاندنی چووینە قوتابخانە، مۆبایلەكانی لەوێ‌ نەبوون".
 
چێنەر نهێنی خۆخنكاندنەكەی لەگەڵ مۆبایلەكانی ونكردوون، كەسوكارەكەشی بەدوای مۆبایلەكانیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بزانن دوایین كەس كێ بووە چێنەر قسەی لەگەڵ كردووە.