بەپێی ئاماری دادگاكان: لە كوردستان تەڵاق و مارەبڕین لە هەڵكشاندان

20-01-2020
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن ئاماری دادگاكان مارەبڕین تەڵاق
A+ A-
رووداو- هەولێر

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی نۆ مانگی یەكەمی 2019دا لە هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) 30 هەزار و 499 حاڵەتی مارەبڕین تۆماركراون، لە بەرامبەریشدا 7 هەزار و 381 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە. بەراورد بە ساڵانی پێشتر مارەبڕین و تەڵاقیش زیادیان كردووە.
 
بەگوێرەی ئامارەكەی ئەنجوومەنی دادوەری (كە رووداو ئاماری دادگای گەرمیانی لێدەرهێناوە، چونكە ئاماری ساڵی رابردووی ئەو دادگایە بڵاونەكراوەتەوە تا بە ئەمساڵ بەراورد بكرێ‌)، لە ماوەی نۆ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا 30 هەزار و 499 گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاكانی كوردستان تۆمار كراون. تێكڕای مارەبڕین لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا 3,389 بووە.
 
بەڵام ساڵی رابردوو لە هەرسێ‌ پارێزگاكە 39 هەزار و 763 گرێبەستی هاوسەرگیری كراون كە لە مانگێكدا دەكاتە 3.313 گرێبەست. بە بەراوردكردنی ئاماری تێكڕای گرێبەستی هاوسەرگیری لە 2019 لەگەڵ تێكڕای گرێبەستی ساڵی 2018 دەردەكەوێت لە مانگێكدا 75 گرێبەستی هاوسەرگیری و لە ساڵێكدا 900 حاڵەت زیاد بووە.
 
زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە نۆ مانگەكەی ساڵی رابردوودا لە دادگاكانی سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار كراوە كە 11 هەزار و 144 گرێبەست بووە، كەمترین مارەبڕینیش لە گەرمیان بووە بە هەزار و 933 گرێبەست. هەرچی پارێزگای سلێمانییە، دوای هەولێر لە پلەی دووەم دێت كە 11 هەزار و 33 گرێبەست بووە، بەڵام دهۆك پلەی سێیەمی وەرگرتووە بە 8 هەزار و 322 گرێبەست.
هەرچی سەبارەت بە ئامارەكانی 2018یە، زۆرترین گرێبەستی هاوژینی لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار كراوە كە 15 هەزار و 25 گرێبەست بووە، دوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێ‌ كە 13 هەزار و 836 گرێبەست بووە. دهۆكیش بە پلەی سێیەم دێت بە 10 هەزار و 902 گرێبەست.
 
تەڵاق و جیابوونەوە 
 
هەرچی پەیوەندیدارە بەتەڵاق و جیابوونەوە، لە ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی گشتی لەو سێ‌ پارێزگایە (بێجگە لە گەرمیان كە 689 حاڵەت بووە) 7692 حاڵەت لە دادگاكان تۆماركراون كە لە مانگێكدا دەكاتە 855 حاڵەت. ئەگەر گەرمیانیش لە نێو ئامارەكەدا بێت، ئەوە مانگانە 931 ژن و پیاو لەیەكتر جیابوونەتەوە.
 
بەپێی ئامارەكە كە رۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2020 لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە، زۆرترین حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە كە 3 هەزار و 448 حاڵەت بووە، بەڵام لە گەرمیان كەمترین حاڵەت تۆمار كراوە كە 689 حاڵەت بووە. هەرچی پارێزگای هەولێرە، لە پلەی دووەم دێت بە 3 هەزار و 115 حاڵەت، بەڵام دهۆك لە پلەی سێیەم دێت كە هەزار و 129 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە تۆمار كراوە.
 
هەر بەپێی ئامارەكانی ئەنجوومەنی دادوەری، لە ساڵی 2018دا 9 هەزار و 192 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە تۆماركراون كە لە مانگێكدا دەكاتە 766 حاڵەت.
 
لە ساڵی 2018دا زۆرترین حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە هەر لە دادگاكانی سنووری پارێزگای سلێمانی تۆماركراون كە چوار هەزار و 85 حاڵەت بووە. پارێزگای هەولێر بە پلەی دووەم دێ‌ كە سێ‌ هەزار و 598 حاڵەت بووە، پارێزگای دهۆكیش بە پلەی سێیەم دێ‌ كە هەزار و 509 حاڵەتی جیابوونەوە و تەڵاقی تێدا تۆماركراوە. 
 
ئەگەر بەراوردی ئاماری نۆ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو لەگەڵ 12 مانگی ساڵی 2018 بكەین، دەبینین ئاماری تەڵاق و جیابوونەوە زیادی كردووە، چونكە لە ساڵی 2018 مانگانە 766 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە تۆماركراوە، بەڵام ساڵی رابردوو مانگانە 855 حاڵەت تۆمار كراوە. واتە لە مانگێكدا 89 حاڵەت و لە ساڵێكیشدا 1068 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە زیادی كردووە.
 
پەسەندكردنی مارەبڕینی دەرەكی
 
یەكێكی دیكە لە داتا و ئامارەكانی ئەنجوومەنی دادوەری كە لە ماوەی نۆ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا ئاماژەی بۆ كراوە، پەسەندكردنی مارەبڕینی دەرەكی بووە كە ژمارەی مارەبڕینی دەرەكی 2 هەزار و 115 حاڵەت بووە، لەو ژمارەیە زۆرترین مارەبڕینی دەرەكی لە هەولێر بووە كە 800 حاڵەت بووە، كەمترین مارەبڕینی دەرەكیش لە گەرمیان بووە كە تەنیا 12 حاڵەت بووە. هەرچی سلێمانییە پلەی دووەمی هەیە و ژمارەكەی 706 بووە، بەڵام دهۆك پلەی سێیەمی هەیە بە 597 حاڵەت.
 
پەسەندكردنی مارەبڕینی دەرەكی لە ساڵی 2018دا دوو هەزار و 901 حاڵەت بووە (1216 حاڵەت لە هەولێر، 1120 حاڵەت لە سلێمانی، 597 لە دهۆك).
 
ئاماری  پەسەندكردنی مارەبڕینی دەرەكی لە 9 مانگی ساڵی 2019 دا (بێجگە لە گەرمیان) 2103 حاڵەت بووە كە لە مانگێكدا دەكاتە 234 حاڵەت. هەروەها بەدرێژایی ساڵی 2018، دوو هەزار و 901 حاڵەت بووە كە لە مانگێكدا دەكاتە 242، واتە پەسەندكردنی مارەبڕینی دەرەكی لە ساڵی رابردوودا كەمی كردووە.
 
رێگە بە 59 پیاو دراوە ژنی دووەم بهێنن
 
هەر بەپێی ئەو ئامارانە، ساڵی رابردوو 59 پیاوی كورد لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان رێگەیان پێدراوە ژنی دووەم بهێنن. 
 
پێشتر هیچ كۆت و بەندێك لەسەر فرەژنی نەبوو، بەڵام پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2008 یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959 (یاسای باری كەسێتیی عێراق)ی هەموار كردەوە و فرەژنی مەرجدار كرد. لەوانەش وەرگرتنی رەزامەندیی ژنی یەكەم، تووشبوونی ژنی یەكەم بە نەخۆشییەكی درێژخایەنی سەلمێنراو كە رێگە لە كاری سەرجێیی ژن و مێردایەتی بگرێ‌ و ئومێدی چاكبوونەوەی نەبێ‌، یاخود ژنەكە نەزۆك بێ‌. هەروەها ئەو پیاوەی ژنی دووەم دێنێ‌ توانای دارایی باش بێ‌ كە بەشی بەڕێوەبردنی پتر لە ژنێك بكات. 
 
بە گوێرەی یاساكە، هەر پیاوێك بەبێ‌ ئەو مەرجانە ژنی دووەم بێنێ‌ سزا دەدرێت بە حەپسكردن كە ماوەكەی لە شەش مانگ كەمتر و لە ساڵێك زیاتر نەبێ‌. هەروەها بە 10 ملیۆن دیناریش سزا دەدرێ‌.
 
لەژنهێنانی دووەمدا لە ئامارەكەدا دەركەوتووە كە سلێمانی لە پلەی یەكەمدایە و لە نۆ مانگەكەدا 33 پیاو لە دادگا بەراییەكانی پارێزگای سلێمانی ژنی دووەمیان مارە كردووە. پارێزگای هەولێر بە پلەی دووەم دێ‌ كە 21 حاڵەتی رێپێدانی بە هێنانی ژنی دووەم هەبووە، هەرچی پارێزگای دهۆكیش پلەی سێیەمی گرتووە بە 5 حاڵەتی رێپێدان.
 
لە ئاماری ساڵی 2018شدا هاتووە كە تەنیا لە ماوەی ئەو ساڵەدا 79 حاڵەتی رێپێدان بە ژنهێنانی دووەم تۆمار كراوە (48 لە سلێمانی، 26 لە هەولێر و 5 حاڵەتیش لە دهۆك)، بە گوێرەی بەراوردی ئامارەكان دەركەوتووە ساڵی رابردوو رێپێدان بە ژنهێنانی دووەم كەمی كردووە.
 
72 هەزار مامەڵە
 
بەگوێرەی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتیی پلان و ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری، لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان 24 جۆر مامەڵە دەكرێن كە بریتین لە (مارەبڕین، رێپێدان بە ژنهێنانی دووەم، پەسەندكردنی مارەبڕینی دەرەكی، تەڵاق و جیابوونەوە، پێسپێرنامە، بەڵگەنامەی باوانە، راسپاردننامە، سەركارنامە، بەڵگەنامەی لێكدەرچوون، بەڵگەنامەی لەدایكبوون، وەفاتنامە، دابەشنامەی شەرعی، دەرخستنی وازلێهێنراو، لە ئەستۆگرتن، بەڵگەنامەی دیكە، نۆڕینی بە پەلە، گلدانەوە، لە جیاتی دانان (الانابە)، دابەشنامەی یاسایی، سەرپەرشتی هەڵبژاردن، مامەڵەی دیكە، بڵاوكردنەوەی موسوڵمانێتی، بەڵگەنامەی بەخێوكردن و مامەڵەی پەرتەوازە.
 
كۆی گشتی ئەو مامەڵانەی لە 2/1/2019 تاوەكو 30/9/2019 لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراون 72 هەزار و 975 مامەڵە بووە. زۆرترین مامەڵە لە دادگاكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بووە كە 28 هەزار و 192 مامەڵە بووە، دوای ئەویش پارێزگای هەولێر دێ‌ كە 24 هەزار و 430 مامەڵە لە دادگاكانی كراوە، پارێزگای دهۆك بە 16 هەزار و 689 مامەڵە بە پلەی سێیەم و گەرمیانیش بە سێ‌ هەزار و 664 مامەڵە بە پلەی چوارەم دێ‌. 
 
بەراوردی ئاماری نۆ مانگی یەكەمی 2019 لەگەڵ ئاماری 12 مانگی ساڵی 2018
 
 
ئاماری (مارەبڕین،  تەڵاق، هێنانی ژنی دووەم و پەسەندكردنی مارەبڕینی دەرەكی) 
لە 9 مانگی 2019 و ساڵی 2018
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان و لۆگۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

کۆمیسیۆن: ئەگەری هەیە سبەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکرێت

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکات