توونێلی دەربەندیخان چەند رۆژێک دادەخرێت

رووداو - دەربەندیخان 

توونێلی ده‌ربه‌ندیخان، له‌ سبەیەوە (21-1-2019) بۆ ماوه‌ی چەند رۆژێک بەمەبەستی چاکسازی داده‌خرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دەربەندیخان لە راگەیەندراوێکدا شۆفێران ئاگاداردەكاتەوە کە "لە سبەیەوە، توونێلی دەربەندیخان بۆ ماوەی سێ بۆ چوار رۆژ دادەخرێت و لەو ماوەیەدا چاکسازی تێدا دەکرێت".

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دەربەندیخان داوا لە شۆفێران دەکات لە سبەیەوە رێگەی جێگرەوە بەكاربهێنن كە سەر شاخی بەرانانە و رێگە بەهەموو ئۆتۆمبێلێكیش دەدرێت لەوێوە هاتووچۆ بكات، بەو مەرجەی بتوانێ بە ئاسانی و سەلامەتی لەسەر شاخەوە تێپەڕێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە هاتووچۆی دەربەندیخان شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە لەوەی رێگەی سەر بەنداوەكەش داخراوە و هاتووچۆی لێوەناكرێت.