نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ عەبادی کۆبووەوە

رووداو- هەولێر

دوای چوار مانگ لە پچڕانی پەیوەندی دیپلۆماسی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی شاندێک سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند  بەپێی زانیارییەکانمان نێچیرڤان بارزانی ، بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی ، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە.

پەیامنێری رووداو گوتی ، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە چەند پەرلەمانتارێکی عەرەبەوە بەدەستم گەیشتووە ، لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق ، چەندین پرسی گرنگ تاووتوێکراون ، ئەو پەرلەمانتارانە باسیان لەوە کرد کە کۆبوونەوەکە زۆر باش و ئەرێنی بووە و زۆر لێکتێگەیشتن هەبووە لەنێوان هەردوولا.

بەهۆی ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017، پەیوەندییەکان نێوان هەولێر و بەغدا لەجاران گرژتر بوو، تاوەکو گەیشتە شەڕ و پێکدادان، بەتایبەتی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان. لەو کاتەوە، ئەگەرچی هەندێ شاند لە هەولێرەوە چوونەتە بەغدا و لە بەغداوە هاتوونەتە هەولێر، بەڵام پەیوەندی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی سیاسیی باڵا ئەنجامنەدرا.

لە ماوەی رابردوودا چەندین وڵاتی جیهان پاڵپشتی خۆیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردوەتەوە و داوای ئەنجامدانی  دیالۆگیشیان لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان کردووە.

رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2018، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نامەیەکی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی  هەرێمی کوردستان کردو لە نامەکەیدا گوتبووی، دەبێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا  بەشێوەیەکی ئاشتیانە لە رێگای دانوستاندنێکی سیاسی لەسەر بنەمای  دەستوور چارەسەر بکرێن.

رۆژی دووشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2018، رێکس تێلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان قسەیانکرد.

لە رۆژی 27ی کانوونی یەکەمی 2017دا، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا نامەیەکی بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نارد و تێیدا رایگەیاندبوو "پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هیوادارین به‌په‌له‌ دیالۆگى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقێكى یه‌كگرتوو، فیدراڵ و دیموكراتدا ده‌ستپێبكاته‌وه".

هەر لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، هەندێک زلهێزی ئەوروپا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان بانگهێشتی وڵاتەکانیان کردووە.
رۆژی 2ی کانوونی یەکەمی 2017یش، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتریش ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەسەر هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان بەغدا و هەولێردا کردەوە.

رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2017، نێچیرڤان بارزانی لە بەرلین لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل کۆبوەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا راوێژکاری ئه‌ڵمانیا پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا نیشاندا و هیوای خواست هەموو هەوڵێک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا بدرێت . هەمان رۆژ لەگەڵ زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە".

ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە هێشتا گەمارۆکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەسەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە، لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان کێشەیان ماوە، هەروەها لە 2014ەوە کە بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدراوە و هێشتا بەردەوامە. لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2018دا هەرێمی کوردستان رەخنەی هەیە و پێی رازی نییە، چونکە لەو پڕۆژەیاسایەدا پشکی هەرێمی کوردستان بەندکراوە بە ژمارەی دانیشتووانەوە، ئەوە لەکاتێکدا لە ساڵی 1987ەوە هیچ سەرژمێرییەکی سەرتاسەری فەرمی لە عێراق رووینەداوە، پێشتریش بەپێی رێککەوتنی هەردوولا بەشی هەرێمی کوردستان لەسەدا 17 بوو. 

هەروەها بەهۆی روواوەكانی16 ئۆكتۆبەرەوە خەڵكانێكی زۆر لەناوچە كێشە لەسەرەكان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، كە زیاد لە 148هەزار كەس دەبن لەو ژمارەیەش 131هەزاریان لە كەركوك ‌و خورماتوو ‌و خانەقینەوە ئاوارەبوون ‌و نزیكەی 17هەزاریشیان لە ناوچەكانی دەشتی نەینەواوە ئاوارەبوونەو هێشتا بەشی زۆریان نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.