بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر: پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی کۆتاییهات

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر رایگەیاند پرۆسەی دابەشکردنی بەرمیلێک نەوت بەسەر دانیشتووانی پارێزگاکە بە "سەرکەوتوویی" کۆتایی هات و 99٪ـی دانیشتووانی سنووری پارێزگاکە نەوتیان وەرگرتووە.
 
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەم ساڵ تەنیا چەند خێزانێک بەهۆی بارۆدۆخی تایبەتەوە نەیانتوانیوە نەوت وەرگرن، بەردەوام دەبین تاوەکو هەموویان وەریدەگرن."
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر پرۆسەکە بە سەرکەوتوو ناودەبات و دەڵێ "لە پارێزگای هەولێر پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو، هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە تاوەکو یەک خێزان مابێت، بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی نەوت."
 
ئاری کاکە شین گوتی، "بڕیارە پێش سەری ساڵ، بەغدا بۆ هەموو پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان 50 ملیۆن لیتر نەوت بنێرێت، بەڵام بەهۆی هاتنی  پشووەکانەوە ئەگەری هەیە بکەوێتە دوای سەری ساڵ."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر، "99٪ـی دانیشتووانی پارێزگاکە نەوتیان وەرگرتووە و ئەم ساڵ کارئاسانیی زۆر بۆ هاووڵاتییان کراوە تاوەکو هەموویان بتوانن سوودمەندبن لە وەرگرتنی نەوت."
 
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 219 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک خێزان دابەش کراوە، کە  دەکاتە 80% کۆی نەوتی دابەشکراو.