رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی زاخۆ بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی، لە مانگێکدا 26 رۆژ لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێ. پزیشکەکەی دەڵێت: "ژیانی لەمەترسیدایە و نەشتەرگەرییەکەی لە دەرەوەی وڵات دەکرێ". خێزانەکەی بۆ دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەری پێویستیان بە هاوکارییە.
عەبدولقەهار محەممەد، تەمەنی تەنیا ساڵێک و دوو مانگە، سێ مانگ دوای لەدایکبوونی، دایک و باوکی هەستیان کردووە رەنگی زەردە و تەندروستی باش نییە، دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆیان دەرکەوتووە هەردوو گورچیلەی نەخۆشن و پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەیە.
باوکی عەبدولقەهار کرێکارە، نازانێت خەمی پەیداکردنی پاروویێک نانی بێ بۆ شەش منداڵەکەی ماڵەوەی، یان بۆ خەرجیی هاوژین و عەبدولقەهار لە نەخۆشخانە. محەممەد ئەحمەد، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "مانگانە تەنیا 4 رۆژ کوڕەکەم دەهێنینە ماڵەوە. قاچێکم لە نەخۆشخانەیە و قاچێکم لە ماڵ و کرێکارییە، دراوسێکانم خواردن بۆ شەش منداڵەکەی ماڵەوەم دەهێنن. رۆژانەم تەنیا 10 هەزارە و هەموو رۆژێکیش کار نییە، بەشی خەرجیی هاتووچۆی نەخۆشخانە و خەرجی منداڵەکانی دیکەم ناکات."
عەبدولقەهار تەندروستیی خراپە و بەردەوام لەژێر چاودێریی پزیشک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، بۆ چاودێریکردنیشی تەنیا کەس دایکییەتی کە 24 کاژێر لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. باوکی عەبدولقەهار دەڵێت: "هەناسەی تووند دەبێ، رۆژانە تەنیا یەک رەقەم شیر دەخوات. فرمێسک لە چاوی دێ، تەنیا بە دەرمان دەژی."
محەممەد و هەڵات لە 2012 هاوژینییان پێکهێناوە، کوڕی گەورەیان ناوی خەڵاتە، تەمەنی 12 ساڵە و لە خوێندن دابڕاوە. جگە لە خەڵات، دوو منداڵی دیکەی محەممەد ئەحمەد لەبەر نەبوونی لە خوێندن دابڕاون. ئەو خێزانە لە گەڕەکی خەیلەخ لە زاخۆ نیشتەجێن.
پزیشکی عەبدولقەهار هۆشداری لە خراپی تەندروستیی دەدات. دکتۆر فەرهاد شاکر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لە بەرپرسیار گوتی: "نەخۆشیی عەبدولقەهار سکماکە و تەنیا لە گورچیلەی داوە، گورچیلەکانی خوێن ناپاڵاون و خوێنەکەی ترش دەبێ، بۆیە بەردەوام پێویستی بە نەخۆشخانەیە. نەخۆشییەکە رێگە نادات کێشی زیاد بکات؛ ئێستا کێشی 7 کیلۆیە، لەکاتێکدا دەبوو 10 کیلۆ بوایە. مەترسیی زۆر لەسەر ژیانی هەیە و ئەگەر چاندنی گورچیلەی بۆ نەکرێ بەردەوام نابێ لە ژیان."
تاوەکو ئێستا گورچیلەکانی عەبدولقەهار نەشۆردراون، باوکی دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی تەمەنی بچووکە و دەترسین بەرگەی شۆردنی گورچیلە نەگرێ، چونکە پێشتر منداڵێکی هاوشێوەی کوڕەکەم بینی لە نەخۆشخانە لە کاتی شۆردنی گورچیلە گیانی لەدەستدا."
دکتۆر فەرهاد شاکر گوتی: "بەهۆی بچووکی تەمەنی ئەو منداڵە و کەمی کێشی، نەشتەرگەرییەکەی لە هەرێمی کوردستان ناکرێ و پێویستی بە سەنتەرێکی تایبەتمەندە لە دەرەوەی وڵات، تێچووەکەیشی بەپێی وڵاتان جیاوازە."
بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو منداڵە، خێزانەکەی پیویستییان بە هاوکاریی خێرخوازانە. باوکی عەبدولقەهار، گوتی: "ساڵێک و دوو مانگە قەرز دەکەم بۆ خەرجیی نەخۆشخانە، جگە لە کەمدەرامەتی، ئێستا قەرزێکی زۆریشم لەسەر کۆبووەتەوە و توانای کڕینی دەرمانیشم نییە. داوا لە خێرخوازان دەکەم ژیانی کوڕەکەم لە مەترسی رزگار بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ