وەزارەتى خوێندنى باڵا ستافی مامۆستایانی کۆلێژی پزیشکی بۆ زانکۆی هەڵەبجە دابین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەڵەبجە، ستافی مامۆستایان بۆ کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە دابین کردووە. بەمەش هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کردنەوەی کۆلێژەکە لە رووی دابینکردنی توانا مرۆییەکان چارەسەردەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ لیژنەیەکی باڵای وەزارەتمان بۆ دابینكردنی توانا مرۆییەكان سەردانی زانكۆی هەڵەبجەیان كرد و لەگەڵ ئەو پزیشكانە كۆبوونەوە كە راژەكانیان بۆ کۆلێژی پزیشكیی زانكۆی هەڵەبجە دەگوازرێتەوە و دەبنە ستافی مامۆستایانی کۆلێژی پزیشکی."
عەباس ئەکرەم گوتی: "لە ئێستاوە وەزارەتی خوێندنی باڵا کارەکانی دەستپێدەکات بۆ رێکخستنی دەرفەتی راهێنانی پێداگۆجی بۆ ئەم مامۆستایانە و لە نێویاندا تیمی زانستی و پسپۆڕی پێکدەهێنرێت، بۆ مەبەستی کارکردن لەسەر داڕشتن و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و تەواوکردنی ئامادەکارییە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی تایبەت بە خوێندنی پزیشکی. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەکاری کردووە کە لە رێگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی راهێنان و راوێژکاری زانستی ورد پێشکەش بە مامۆستایانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە بکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ دابینکردنی پێداویستی تاقیگەکان، ژینگەی خوێندنی کۆلێژی پزیشکی تەواو کراون و لە قۆناخی تەندەر و کڕیندان، پابەندیش دەبین بەو کاتانەی بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە دیاریمان کردووە."
رۆژی 16ـی 3ـی ئەم ساڵ، ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجەی دەرکرد و بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ دروستکردنی ژێرخانی کۆلێژەکە تەرخان کرد.
پێش ساڵی 2010، زانکۆی ئێستای هەڵەبجە تەنیا فاکەڵتییەک بوو بە ناوی فاکەڵتیی پەروەردەی بنەڕەتی، کە سەر بە زانکۆی سلێمانی بوو.
لە 8ـی تەمموزی 2010، لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بە بڕیاری ژمارە 1670 زانکۆی هەڵەبجەی دامەزراند و لە شوباتی 2011، سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە دەستی بە کارەکانی کرد.