لە هەولێر دابەشکردنی شایستەی دارایی جووتیاران دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

دابەشکردنی شایستەی دارایی گەنمی جووتیاران لە هەولێر بە گوێرەی خشتەیەک لەمڕۆوە دەستیپێکرد. 
 
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ ئەمڕۆ، چەکی جووتياران لە زنجیرە (4306) تاوەکو زنجیرە (4375) دەگرێتەوە، کە گەنمەکانیان تاوەکو 12-07-2024 رادەستی سایلۆی هەولێر کردووە." 
 
ئەو بەرپرسەی سایلۆی هەولێر دەڵێ "جووتیاران لە سایلۆی هەولێر چەک و لە بانکی بەحرکەش پارەکانیان وەردەگرن." 
 
ئەو کەسەی چەکی پارەی بەناوە، دەبێت خۆی ئامادەبێت، یان بریکارنامەی پەسندکراوی ئەم ساڵی هەبێت، 'ئەگەر خاوەن چەک کۆچی دواییکرد بێت، پێویستە ئەو کەسەی پارەکە وەردەگرێت بەشنامەی (شەرعی، یان یاسایی) بهێنێت، لەگەڵ بریکارنامەی سەرجەم وارسەکان"، میران بەختیار وا دەڵێ.
 
رۆژی 14-12-2024، چەکی گوژمەی کۆتایی شایستەداراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 گەیشتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی زیاتر لە 125 ملیار و 852 ملیۆن دینار بوو.
 
هەمان رۆژ میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەکی پارەی شایستەی گەنمی جووتیاران وەرگیراوە، بەڵام پرۆسەکە رێکاری کارگێڕی و بانکی پێویستە، سبەی چەکەکە رادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراقی دەکەن و پرۆسەکە 72 کاژێر دەخایێنێت، تاوەکو دەبێتە پارە، دواتر پارەکە بۆ بانکەکانی هەرێمی کوردستان دەگوزارێتەوە. 
 
میران بەختیار راشیگەیاند، شایستەی دارایی هەولێر 44 ملیار و 45 ملیۆن و 43 هەزار دینارە.
 
پارەی جووتیاران بەپێی پارێزگاکان:
 
سلێمانی: 47٫642٫421٫000 دینار.
هەولێر: 44٫045٫043٫000 دینار.
دهۆک: 34٫165٫533٫000 دینار.
 
کۆی گشتیی: 125٫852٫997٫000 دینار.